مەهاباد شێخ حەمەئەمین: ژن کاتێک دەچێتە ناوەندی بریار پێویستە بە ئەقڵیەتێکی ژنانە بچێتە ئەوێ
ژنان بە پێداگیرییەوە بەرەو ناوەندەکانی بڕیارو پۆستە باڵاکان ڕۆیشتوون، بەڵام عەقڵیەتی پیاوسالاری لەمپەر لەبەردەم بڕیارەکان دادەنێت، مەهاباد شێخ حەمەئەمین، چالاکوانی ژنان دەڵێت: ژن کاتێک دەچێتە ناوەندی بریار پێویستە بە ئەقڵیەتێکی ژنانە بچێتە ئەوێ.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ لە کاتێکدا جیهان بەرەو یەکسانیی زیاتر هەنگاو دەنێت، پرسی پشتیوانیکردنی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چیتر تەنها باسێکی لاوەکی نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەک بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە. سەرکەوتنی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا نیشانەی زیندوویی کۆمەڵگەیە، بەڵام ئایا ئەو پشتیوانییەی باس دەکرێت، پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەیە یان تەنها ڕووکەشێکی کاتییە؟
لە ڕابردوودا، ڕۆڵی ژن زۆربەی جار لە چوارچێوەی ماڵدا سنووردار دەکرا، بەڵام لەگەڵ کرانەوەی کۆمەڵگە و زیادبوونی ڕێژەی خوێندن، ژنان توانیویانە پۆستە هەستیارەکان بگرنە دەست، ئەم گۆڕانکارییە پێویستی بە ژێرخانێکی یاسایی و کۆمەڵایەتی هەبووە کە تا ئێستاش پرۆسەیەکی بەردەوامە،ئاستی پاڵپشتی ژنان لە ئێستادا لە قۆناغێکی گۆڕانکاریدایە و دەکرێت لە سێ ڕەهەندەوە بیبینین:پاڵپشتی دەروونی کاریگەرترین هۆکارە بۆ داهێنان. کاتێک ژنێک لەلایەن خێزانەکەیەوە باوک، دایک، یان هاوژین متمانەی پێ دەدرێت، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی قورسترین ئاستەنگەکانی هەیە. بەڵام هێشتا لە زۆر شوێن، فشاری دەروونی و "تێڕوانینی کۆمەڵایەتی" وەک بەربەست لەبەردەم خەونەکانیاندا دەوەستێتەوە، لە زۆر وڵات و لە هەرێمی کوردستانیش، هەوڵ بۆ باشترکردنی یاساکان دراوە "وەک ڕێژەی کۆتای پەرلەمان و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی". بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینە کاتێکە کە ئەم یاسایانە تەنها سەر کاغەز نەبن و ببنە پارێزەرێکی ڕاستەقینە بۆ مافە دارایی و پیشەییەکانیان،.ئێستا زیاتر لە جاران ژنان دەبینین لە کایە جیاوازەکاندا، کۆمەڵگە بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچێت کە دان بە توانای ژندا بنێت، بەڵام هێشتا پێویستمان بە سیستەمێکی کارکردن هەیە کە ڕەچاوی ئەرکە جیاوازەکانی ژن بکات و هەلی یەکسانیان بۆ بڕەخسێنێت.
پشتیوانی ژنان لە کۆمەڵگەدا پرسێکی ئاڵۆزە کە ساڵانێکە لە نێوان سیستەمی نەریتی پیاوسالاری و هەوڵە مۆدێرنەکانی یەکسانی مشتومڕی لەسەر دەکرێت، بەپێی بارودۆخی ئێستا دەتوانرێت ئاستی پشتیوانی بەم شێوەیە کورت بکرێتەوەهەرچەندە ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی و شۆڕشگێڕی بەتایبەت لە ڕۆژئاوا ڕۆڵی پێشەنگ و پشتیوانییەکی گەورەی هەیە، بەڵام هێشتا فشارە کۆمەڵایەتییەکان و سیستەمی پیاوسالاری لەناو خێزان و ژیانی کۆمەڵایەتی گشتیدا زاڵن، کۆمەڵگا بە گشتی ژن وەک "کۆڵەکەی خێزان" و "نیوەی کۆمەڵگە" دەبینێت. بەڵام ئەم پشتیوانییە هەندێک جار لە چوارچێوەی "دایکایەتی" و "چاودێری ماڵەوە"دا سنووردارە و لە ڕووی ئازادی کەسی و یەکسانییەکی تەواوەوە کەم دەبێتەوە، بەپێی توێژینەوەکان کەمکردنەوەی بێکاری و زیادکردنی هەلی خوێندن ڕاستەوخۆ پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان بەهێز دەکات. بەڵام کێشە ئابوورییەکان و قەیرانە سیاسییەکان بەردەوام دەبنە هۆی ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی و بێبەشی ببنەوە،لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"پاڵپشتییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی و نیشتمانی بۆ ئیرادەی ژنان هەبووە، کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەبووە.
" ژنان ئیتر قبوڵ ناکەن کە ژنانی دیکە وەک کاڵا بەکارهێندرێت"
مەهەباد شێخ حەمە ئەمین، چالاکوانی بواری ژنان لە بارەی پشتیوانی کۆمەڵگە بۆ ژنان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: بابەتی ژن دەتوانم سەرەتا بیگەرێنمەوە بۆ خودی ژنەکە خۆی و دواتر خێزانەکەی، سێییەم هۆکار دەگەرێینەوە بۆ کۆمەڵگە، چونکە گەر ژن خۆی بوونی هەبێت لە بەشداریکردنی لە کاری رێکخراوەی و سیاسی و حیزبی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،دەتوانێت خۆی پاڵپشتی تەواوی لەسەرخۆی بێت و خێزانەکەی هاوکار و پاڵپشتی تەواوەتی بکات، ئێمە چەند ساڵە کە کار دەکەین هەر لە سەردەمی خەباتی کوردایەتی و شۆرشەوە توانیومانە پێگەی خۆمان هەبێت و جێگەی خۆمان بکەینەوە لە ناو کۆمەڵگەدا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و داکۆکی کردن لێیان، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بونی خۆی هەبێت لە کۆمەڵگە و دامودەزگای حکومەت و پەرلەمان و هەموو ئەو دامەزراوانەی کە ژنان دەبێت کاری تێدا بکات، بۆییە ئێمە پاڵپشتی هەموو ژنان دەکەین بۆ ئەوەی ژنان بێنە ناوەندی بریار بە دەرەجەی یەک ،هەروەها پێگەی جێگەی هەبێت و ببێتە هاندان بۆ ژنانی دیکە و ژنان دەبێت ژنان وابەستەی ئەوە نەبن کە ناتوانن بگاتە ئاست و پۆستە باڵاکان و بەتایبەت بۆ ئەو شوێنانی کە پیویستە ژنانی لێبن، خۆشبەختانە دەبینین بەدەر لە خەباتی رێکخراوەی و سیاسی ژنانی شەرڤان لە ڕۆژئاوا چۆن خەبات دەکەن و نیشتیمان دەپارێزن، ئەمانە ڕەنگدانەوەی هەبووە لە تەواوی جیهاندا و پێگەی ژن توانیویەتی بە ئازایەتی و مەردایەتی جێگەی خۆی بکاتەوە لە هەموو بوارەکاندا و تەنانەت لە رووبەرووبوونەوەی دوژمناندا و ژنان ئیتر قبوڵ ناکەن کە ژنانی دیکە وەک کاڵا بەکارهێندرێت، بەڵکو کار دەکەن بۆ ئەوەی کە بەرگری لە خۆیان بکەن و بەرگری لە خاک و نیشتیمانیش بکەن.
" دەبێت ژنان بە تواناو ئیرادەی خۆیانەوە رەفتار بکەن"
لە درێژەی قسەکانیدا مەهاباد شێخ حەمە ئەمین وتی: ژن کاتێک دەچێتە ناوەندی بریار پێش هەموو شت پێویستە بە ئەقڵیەتێکی ژنانە بچێتە ئەوێ، نەک بڵێت من وەک پیاو رەفتار دەکەم چونکە بوونی ژن لەو پێگانەدا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، بەداخەوە لە هەندێک دۆخدا دەبینین کە ژنان بەکاردەهێنرێت و ناتوانن رۆڵ و پێگەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، دەتوانم بلێم کە بە ویست و ئیرادەی پیاوان رەفتار دەکەن کە ئەمە هەڵەیە دەبێت ژنان بە تواناو ئیرادەی خۆیانەوە رەفتار بکەن، بەتایبەت بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی ژنان ،وەک خودی ژن خۆی بە بێ جیاوازی رەگەزی بە یەکسانی بتوانن داکۆکی لە هەموو یەکسانی دادپەروەرییەکان بکەن بەمە ژن دەتوانێت پێگەو جێگەی خۆی جێگر بکات و سەربکەوێت.
پەیام بۆ ژنانی گەنج
لە کۆتای قسەکانیدا مەهاباد شێخ حەمە ئەمین، چالاکوانی ژنان وتی: من داوا لە گەنجەکان دەکەم بەتایبەت ژنە گەنجەکان دەبێت ئێستا بێنە پێشەوە خەبات و خزمەت بکەن لە پێناو جێگیر کردنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەدا،بەتایبەت لە رووی راگەیاندن دەبێت ژنانی گەنج بێنە بواری راگەیاندن و سیاسەت و نووسین، چونکە پێنووسی ژن دەتوانێت مێژووی هەمووی داستانە بگرێرێتەوە کە دەتوانن کاری باشی تیا بکات.