ماوەی ٤٥ ڕۆژە چارەنووسی ژنێکی کورد نادیارە
ماوەی ٤٥ ڕۆژە لە شاری سەقز، دەوڵەتی ئێران ژنێکی کوردی دەستبەسەرکردووە و چارەنووسی بەنادیاری ماوەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایگەیاند، ژنێکی زیندانیی کورد بەناوی سەحەر مەهدی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، ماوەی ٤٥ ڕۆژە لە گرتووخانەی سەقز ڕاگیراوە و چارەنووسی نادیارە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای بەڵێنی سەرەتایی دەزگا ئەمنییەکان بۆ ئازادکردنی ئەو ژنە بە کەفالەت، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنی تا ئێستا ئامادە نین ئازادی بکەن.
پێشتر سەحەر مەهدی لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بەبێ بوونی فەرمانێکی دادوەری دەستبەسەرکرا و گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی سەقز. لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا ئەفسەرەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی خۆی و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی سەحەر مەهدی و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە، لەبەردەستدا نییە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانی قووڵیان لە دۆخی سەحەر مەهدی دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە، کە دیاردەکانی "دەستبەسەرکردن بەبێ بوونی فەرمانی دادوەری" و "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" ڕێوشوێنێکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ ترساندنی هاووڵاتییان بەکاردەهێندرێت.