ماوەی ٣٠ ساڵە لە پەنابەرییدا ٨ی ئادار پیرۆز دەکەن

ژنانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە بە چالاکی و کارەکانیان یادی ٨ی ئادار دەکەنەوە.

مەخمور

 

کاتێک دەچینە ناو مێژووی کامپی پەنابەرانی مەخمور، ئەو ئێش و ئازارانە دەبینین کە لە کامپی پەنابەراندا تێیدا ژیاون، پێش ئەوەی ببنە پەنابەر بۆ گەڕان بەدوای ئازادیدا، بە ئاشتی لە ماڵەکانیان لە گوندەکانیان دەژیان، ئەوان هیچ هەواڵێکیان نەبوو لەسەر ئەو نادادپەروەرییەی کە لە وڵاتەکەیاندا ئەنجام دراوە، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ تاڵانکردن چوو بۆ گوندەکانیان، بۆیان دەرکەوت کە وڵاتەکەیان لە چییدا دەژی، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دڕندەییەی کە بەرامبەر ئەوان و وڵاتەکەیان کراوە، بە تووڕەییەکی زۆرەوە ڕێگای پەنابەرییان هەڵبژاردووە، لە جیاتی ئەوەی خیانەت لە وڵاتەکەیان و بوونی خۆیان بکەن، ئازاری پەنابەرییان هەڵبژاردو بەدوای خۆشی ژیان نەکەوتن، لەبەر ئەو هۆکارە، لە باکووری کوردستانەوە ڕوویان کردە باشووری کوردستان.

 

سەرەڕای هەموو زەحمەتییەکان، هەرگیز لاواز نەبوون و دەستبەرداری خەبات نەبوون

لە باکووری کوردستان بە توندی ئازاریان چەشت، ئەو کەسانەی کە لە باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە چەوسێندراونەتەوە، لە باشووری کوردستان ڕووبەڕووی ستەمی پەدەکەو سەختییەکانی کۆچ بوونەتەوە، کاتێک ئەو ئازارانە دەبیندرێت، مرۆڤ نازانێت چۆن ئەو ئازارە دەرببڕێت کە تووشی بووە، بە تایبەتی ئەو ئازارانەی کە ژنانی کامپەکە دەیچێژن، بەڵام ئەو ژنانەی کە هەموو ئازارەکانی ژیانیان چەشتووە هەرگیز خۆیان لاواز نەکردووە، بە پێچەوانەوە، ئازارەکانیان کرد بە جلوبەرگێکی بەهێز و لەبەریان کرد، ئەوان لە دژی سەرکوتکردنی دەوڵەتی تورکیا، پەدەکە و هۆشیاری دواکەوتووی پیاوان تێکۆشان، هەرگیز ئاوڕیان نەدایەوەو هەمیشە بەرەو ڕێگای پێشەوە ڕۆیشتن بۆ ڕێگای خەبات و ئازادی، هەروەها گەورەترین هێزی خۆیان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەرگرت، ئەو ماف و ئیرادەیەی کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە ژنانی دا سەرەکیترین سەرچاوەی ژیانی ژنانی ئەو کامپە بووە، ئەوان بە هیوای ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بگەنە ڕێبەرەکەیان لە بەرامبەر سەختییەکان سەریان دانەنەواندووە.

 

ژنانی کامپی مەخمور بۆ یەکەم جار لە کامپی ئەتروش ٨ی ئاداریان پیرۆز کرد

 

ژنانی کامپەکە لەناو ژیانی پەنابەرییدا لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنانیان پیرۆز کرد، ئەو ڕۆژەی کە بە خەباتی سەدان ساڵەی ژنان بەدەستهێندرا، بۆ ئەوان ڕۆژی گەڕان بوو بۆ ماف و ئازادییەکانیان بوو. بە تایبەتی، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"ی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تەنانەت بۆ ژنانی کامپەکە ٨ی ئادار مانایەکی زیاتری هەبوو، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە هەموو ساتەکانی ژیانیاندا بەرزکرایەوە و لەگەڵ ژیانیاندا یەکگرتوو بوون، لە ماوەی کۆچکردن لە ساڵانی ١٩٩٤-١٩٩٥، بۆ یەکەم جار لە کامپی ئەتروش ٨ی ئاداریان پیرۆز کرد.

 

هەموو ساڵێک یادی ٨ی ئادار دەکەنەوەو پیرۆزی دەکەن

لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ، ژنانی کامپەکە بە هەموو جوانییەکانیانەوە ئاهەنگ دەگێڕن، بە چالاکییەکانیان، ڕەنگەکان، دەنگ و کارەکانیان، مانگی ئادار واتادار دەکەن، سەرەرای ئازار و هێرشەکان هەرگیز کۆڵیان نەداوە لە پیرۆزکردنی ڕۆژە گرنگەکانیان، هەموو ساڵێک بە جلی کوردییەوە خۆیان دەڕازێننەوە و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئاهەنگ دەگێڕن، ژنان لە کامپی پەنابەرانی مەخمور بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگییەک بوونەتەوە و بە هاواری "ژن، ژیان، ئازادی" تێدەکۆشن.