ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشکەش کرا

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥ بەخشرایە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا کە بە “خاتوونی ئاسنی ڤەنزوێلا” ناسراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥ بەخشرایە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا کە بە “خاتوونی ئاسنی ڤەنزوێلا” ناسراوە.

 

ماریا کۆرینا ماچادۆ چالاکوانێکی دیاری سیاسی ڤەنزوێلایە، لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧ لەدایکبووە، دەرچووی ئەندازیاریی پیشەسازییە لە زانکۆی کاتۆلیکی ئەندرێس بێلۆیەو لەگەڵ پسپۆڕە لە دارایی لە پەیمانگای خوێندنی باڵا بۆ کارگێڕی "IESA".

 

ماچادۆ پارتی چالاکیی نیشتمانی "PAN"ی دامەزراند، لە ساڵی ٢٠١١ بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی ڤەنزوێلا هەڵبژێردرا و لەوێ کاری بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ كردووە.

 

لە ساڵی ٢٠١٤ هاوپەیمانی بۆ ئازادی دامەزراند، کە فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆکردەوە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە حکومەتی مادۆرۆ بکەن.

 

لە ساڵی ٢٠٢٤دا ماچادۆ سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش وایکرد ببێتە کاندیدی جێگرەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەو ولاتە، بەڵام دادگای باڵای ئەو وڵاتە بەهۆی تۆمەتەکانی ئاشکرانەکردنی سەروەت و سامانەوە کاندیدبوونی قەدەغەکرد،هەر لە ساڵی ٢٠٢٤ خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ئازادی بیرکردنەوە لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەرگرت ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڤەنزوێلا.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی دژی سەرۆکی ئێستا لە کاراکاس کرد و لەوێ دەستگیرکرا و دواتر ئازادکرا.