مانگرتنی گشتی دژی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە مەنبج

خەڵکی مەنبج لە دژی کردەوەی تاڵان و دزی و کوشتن و ڕفاندن لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستیان بە مانگرتنی گشتی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ داگیرکردنی کانتۆنی مەنبج لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە، کردەوەی دزی و تاڵانی و کوشتن و ڕفاندنی ژنان لەو شارە زیادی کردووە. لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، دانیشتووانی ئەو شارە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر تاوانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا (ئەل ئەمشات و ئەلحەمزات) و ڕفاندنی مەلەک قاسم ئەندامی مانگی سووری کورد و براکەی دەستیان بە مانگرتنی گشتی کرد.

 

گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر ماڵی مەلەک قاسم، ئەندامی مانگی سووری کورد و دوای ئازادکردنی براکەی، باس لەوە کرا کە مەلەک براوەتە عەفرین بۆ ئەوەی لەوێ زیندانی بکرێت.

 

جگە لەوەش چێشتخانەی شەهبەندەیان تاڵان کردووە و کاتێک خاوەنی چێشتخانەکە بەناوی عەلی جەمال ئەلشێخانی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی داوە، ئەویش کوژراوە.

 

لە هەمان کاتدا ڕێگرییان لەو کاروانە کرد کە بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ چۆڵکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ڕۆژی ١٤ی کانوونی یەکەم بەرەو شارەکە ڕۆیشتن.