مامۆستایانی وانەبێژی هەڵەبجە و سەیدسادق خۆپیشاندانیان کرد

ئەمڕۆ ١٣ی تشرینی یەکەم، ژمارەیەک لە مامۆستایانی وانەبێژی هەڵەبجە و سەیدسادق لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە خۆپیشاندانیان کرد.

هەڵەبجە

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەمە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست بەمەبەستی دروستکردنی فشار و دامەزراندنیان.

 

خەمگین عومەر، وەک نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوەدا جگە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان داواکارییەکانمان ڕونە و پێویستە دابمەزرێین، ئێستا سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست کراون بە هەمیشەی و زەخت هەموو قورساییەکان لەسەر مامۆستایانی وانەبێژە لەگەڵ ئەوەشدا ئەرک و مافەکانمان پێنادرێت.

لەنێو گردبوونەوەکەدا چەندین مامۆستای وانەبێژ هەبوو کە منداڵەکانیان هێنا بوو ببوونە جێی سەرنجی مامۆستایان و ڕاگەیاندنکاران، مامۆستا نەسرین محمد مامۆستایەکی ترە و باسی لەوەکرد ئێستا وانەکانیان وەک وانەی مامۆستا دامەزراوەکانە و کاتی دەوامیشیان بە هەمان شێوە زۆرە، بەڵام تەنها بڕە مووچەیەکی ڕەمزییان پێدەدرێت کە هەقی ‌ماندوبوونەکەمان نییە.

ئەو دایکە مامۆستایە باسیشی لەوەکرد کە چەندین جار هەوڵیان داوە، بەڵام بە دەم داواکەیانەوە نەهاتوون نە حکومەت و نە پەروەردە و لایەنی پەیوەندیدار.

 

لەو بارەیەوە سەرچنار ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئەمڕۆ بەشداربووم لەخۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژی هەڵەبجەو سەیدسادق، ئەوان داوای شتێکی موستەحیل ناکەن ئەوان ستەملێکراوترین چینی ئەم کۆمەڵگەیەن و داوای دامەزراندن دەکەن کەمافی خۆیانە لەبەرامبەر ئەوخزمەتەی پێشکەشی سێکتەری پەروەردەی دەکەن ،ئەوان بندیوارنین ،ئەوان نزیکی  ٢١هەزار مامۆستان کەلەسەرتاسەری هەرێم وانە دەڵێنەوەو کارەکانیان هیچی لە کاری مامۆستای میلاک کەمتر نییەو هەرئەوانیشن ٢١٪یی میلاکیان پڕکردۆتەوەو بایکۆتی ئەوان گرفتێکی گەورە لەپڕۆسەی خوێندندا دروست دەکات ".

سەرچنار ئەحمەد ئەوەشی وتووە: "ئێمە ئیمزای ٤٣ پەرلەمانتارمان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان کە دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان سازبکرێت لەسەر یەکلایی کردنەوەی پرسی مامۆستایانی وانەبێژو جەختیش لەسەر داواکارییەکەمان دەکەینەوەو کۆڵنادەین و فشارەکان چڕتر دەکەینەوە تایەکلایی بوونەوەی کەیسی مامۆستایانی وانەبێژو گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانیان و هەرچیمان پێبکرێت دەیکەین و درێغی ناکەین و لەهەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و هەمیشە پشتیوانی مامۆستایانی وانەبێژ دەبین".

 

لە ماوەی ڕابردوودا سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست کرانە هەمیشەیی و مامۆستایانی وانەبێژ خوازیارن بەدەم داواکاری ئەوانیشەوە بێن جگە لە هەڵەبجە لە سلێمانی و سەیدسادق چەندین ناوچەی تر ناڕەزایی پیشان دەدەن تاوەکو بەدەم داوا و ئەرک و مافەکانیانەوە بێن