مامۆستایانی وانەبێژ ١٤ ڕۆژە بەردەوامن لە گردبوونەوە
مامۆستایانی وانەبێژ لە شارۆچکەی سەیدسادق بۆ داواکردنی مافەکانیان گردبوونەوە، بڕیاریشیان داوە بایکۆت نەشکێنن تاوەکو وەڵامیان دەدرێتەوە و مافی خۆیان وەردەگرن.
شارەزوور
مامۆستایانی وانەبێژ کە نزیکەی ٢٢ هەزار دەبن، زۆربەیان لە دەرەوەی سەنتەری شار و شارۆچکەکان دەچنە هۆڵەکانی خوێندن و ئەو بڕە مووچەیەی وەریدەگرن، تەنها بەشی هاتوچۆیان دەکات و ناتوانن ژیانیان بەڕێوەبەرن.
ئەمڕۆ بۆ ١٤ەمین ڕۆژ گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەروەردەی سەیدسادق بەردەوامە، داوادەکەن کە داواکاریەکانیان جێبەجێ بکرێت و بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، هەندێکیشیان ئاماژە بەوەدەکەن ناتوانن وەک مامۆستای وانەبێژ بەردەوامبن و هەندێکیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.
مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێن وەزارەتی پەروەردە دەیانەوێت خوێندنگە حکومیەکان دابخرێت و خوێندنگەی ئەهلی بکەنەوە، بۆیە تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە، ئەوانیش دورشمی بایکۆت دەڵێنەوە تا دەنگیان بگاتە هەموو کەسێک و بە زووترین کات بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
باخان و ئەڤین دوو مامۆستای وانەبێژن بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کردووە بۆ ژنها دووان.
باخان عوسمان، مامۆستای زمانی عەرەبییە، باس لەوە دەکات چەندین جار داواکاریان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و داوادەکەن بکرێن بە هەمیشەیی، دەشڵێت: سێ مانگ جارێک موچەی وانەبێژی دابەش دەکرێت کە بڕێکی کەمە و بەشی ئەوانە ناکات کە هاتووچۆ دەکەن.
ئەڤین کەریم، مامۆستای وانەبێژ، ئاماژەی بەوەدا دوانزە ڕۆژە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوای مافی خۆیان دەکەن کە دامەزراندنە، نایانەوێت موچەیەکی خەیاڵیان هەبێت وەک وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکان کە هەیانە، بەڵام دەیانەوێت مافی خۆیان پێبدرێت، دەشڵیت: بەردەوام دەبین تا وەڵامی داواکارییەکانمان دەدرێتەوە.
زۆربەی ژنانی مامۆستای وانەبێژ دایکن و منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان دەهێنن بۆ گردبوونەوەکان دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە ئەو پەیامە بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیەنن کە ئەو موچەیەی وەریدەگرن ناتوانێت بژێوی ژیانی خێزانەکان پڕبکاتەوە.
ت.پ