مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی و خۆبەخشانی تەندروستی بەردەوامن لە گردبوونەوە

بەهۆی پێنەدانی موچەی مانگی ئادار مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی بەردەوامن لە گردبوونەوە، هەروەها بەهۆی دامەزراندنی نهێنی لە زاخۆ، خۆبەخشانی تەندروستی لە سنوری پاریزگای سلێمانی درێژە بە گردبوونەوەکانیان دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایانى زانکۆى سلێمانى لەبەردەم بیناى زانکۆ گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوەکرد لە کاتێکدا کە نزیک دەبنەوە لە مانگى ئایار، هێشتا موچەى مانگى ئاداریان وەرنەگرتووە، کە لە ڕاستییدا دەبوایە ئێستا موچەى مانگى نیسانیان پێبدرایە.

 

ئامادەبووانى گردبوونەوەکە ئەوەیان خستەروو کە بە پێیى ئەو زانیارییانەى پێیاندراوە، دابەشکردنى موچەکانىان دەکەوێتە مانگی ئایار، لەکاتێکدا لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا خشتەى مووچەى وەزارەتى خوێندنى باڵا بڵاوکرایەوە.

 

ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە داوا دەکەن کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بەڵێنەکەى خۆى بباتە سەر و هەموو ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچەکانیان پێ بدات.

 

لە لایەکی دیکەوە خۆبەخشانی تەندروستی نیگەرانی دەردەبڕن لەوەی لە شارەكانی زاخۆ و دهۆك بە نهێنی دامەزراندن كراوە، بەڵام لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دامەزراندن نییە، هەربۆیە ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامن لە گردبوونەوەو وەک خۆیان دەڵێن ئەگەر ئەوان نەبن کەرتی تەندروستی دەڕوخێت.