مامۆستایان و فەرمانبەران بایکۆتی دەوامیان دەستپێکرد

دوێنێ مامۆستایانی ناڕازی بە بەیاننامەیەک بایکۆتی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و باسیان لەوەکرد پاساوێک بۆ دابەشنەکردنی موچەی مامۆستایان نەماوە لە کاتێکدا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ مامۆستایانی ناڕازی بەیاننامەیەکیان لەبارەی پێنەدانی موچە بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا، "ئاشکرایە ڕۆژ دوای ڕۆژ نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و داهاتی ناوخۆ و گومرگ و باج بەڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە، نرخی سەرجەم پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیان بەرزبووەتەوە و  هیچ پاساوێک بۆ دابەشنەکردنی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران نەماوە".

لە بەیاننامەکەدا مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند کە دەڵێن، "سەرجەم قسەکانی سەرۆکی حکومەت ڕەتدەکەینەوە و پێمان وایە جگە لە پاساو هێناوەوە بۆ دزی و گەندەڵیێەکانیان هیچ شتێکی نوێی تیا نەبوو"، ئەوەشیان خستەڕوو کە ٦ی ئادار، واتا ئەمڕۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی دامودەزگاکان بایکۆتی دەوام بکەن.

 

هەروەها داواشیان کرد کە مانگەکانی ئایندە لە ئەگەری نەدانی مووچە بەسێ ڕۆژ جارێک، بایکۆتی دەوام و خوێندن بکرێت.

هەڵمەتی بایکۆتی فەرمانبەران و مامۆستایان لە شاری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین و شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان دەستیپێکرد، بەڕێوەبەرایەتیەكانی شارەوانی، كارەبا، تەندروستی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانیان گردبوونەوە و کەرتی پەروەردە و مامۆستای خوێندنگەکانیش بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ماوەی ٤٠ ڕۆژە موچە وەرنەگیراوە.

 

ت.پ