مامۆستای خوێندنگایەک: "بۆردومانکردنی تورکیا نابێت بێ سزا بڕوات"
لە گوندی تەل تەمر خوێندنگایەکی سەرەتایی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ نوێکرایەوە، بەڵام فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە ٢٦ی حوزەیراندا خوێندنگاکەیان تۆپباران کرد، نەدا سیلمان مامۆستای خوێندنگاکە داوای لە دادگا نێودەوڵەتییەکان کرد، کە ئەو تاوانە بێ سزا نەبێت.
سورگوڵ شێخۆ
حەسەکە- ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا خوێندنگای گوندی گۆزەللی سەر بە تەل تەمری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان تۆپباران کرد، هێرشە ئاسمانییەکە تا ٢٦ی تەمووز بەردەوام بوو، بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و شوێنی پەرستن و منداڵان تاوانی جەنگە، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە تاوانی جەنگ لە سوریا.
"تورکیا یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات"
نەدا سلێمان، مامۆستای خوێندنگاکە، بە ئاژانسی هەواڵی ژنهای ڕاگەیاند: "تورکیا دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانە و هاوڵاتیانی مەدەنی، خوێندنگای گوندەکەی تۆپباران کرد و ئێستا خوێندنگاکەمان وێران بووە."
"بە پشتیوانی بنەماڵەکان خوێندنگاکەمان کردەوە"
خوێندنگای بنەڕەتی لە گوندەکە بە پشتیوانی خێزانەکان نۆژەنکرایەوە و جارێکی دیکە کرایەوە، بنەماڵەکان دەیانویست منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە سەرەڕای ئەو شەڕەی لە هەرێمەکەدا بەردەوامە، هەروەها خوێندکاری گوندەکانی تر هاتوون تا لەو قوتابخانەیە بخوێنن.
"پشووی هاوینە بوو"
تورکیا لە پشووی هاویندا تۆپبارانی خوێندنگاکەی کرد و تا ئێستا هیچ کەسێک بریندار نەبوو لەو بۆردوومانەدا، قوتابخانەکە ٨٤ خوێندکار و ١٠مامۆستای هەیە، ئەگەر پشووی هاوینە نەبوایە منداڵ و مامۆستاکان لە بۆردومانەکە دەکوژران، ئێستا قوتابخانەکە وێرانە سێ بەشی بینای قوتابخانەکه به تەواوی ڕووخاوە، نەدا داوای لە دادگا نێودەوڵەتییەکان کرد کە هەنگاوی پێویست بۆ سزادانی تورکیا بنێن، وتیشی: پێویستە تورکیا بەپێی بنەماکانی یاسای نێونەتەوەیی دادگایی بکرێت، چونکە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، دەبێت یوئێن ئەم تاوانە ببینێت.
ت.پ