مامۆستا شادان؛ ئارامیی بۆ ٤٠ منداڵ و دڵێک بۆ هەموو منداڵان

لە پارێزگای هەڵەبجە، لە ماڵێکی سادەوە چیرۆکێکی جیاواز بۆ پەروەردە و خۆشەویستی دەستپێدەکات، مامۆستا شادان لە پێناو کوڕە داونەکەی ئامادەیە رۆژانە وانە بە ٤٠ مندال بڵێتەوە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-دایکان هەمیشە لەپێناو منداڵەکانیان لە تێکۆشاندا بوون و ڕێگەیان دۆزیوەتەوە بۆ پەروەردەکردنێکی باش و تەندروست، بە تایبەت ئەو دایکانەی منداڵی خاوەن پێدایوستی تایبەتیان هەیە، بوونەتە ڕێگاڕۆشنکەرەوە بۆ منداڵەکەی خۆیان و منداڵانی دیکەش، دایکان نموونەی ئارامیی و بەخشندەیین و بە پەروەردەی ئەوان کۆمەڵگەیەکی پەروەردەکراو بونیاد دەنرێت.

 

مامۆستا شادان باوەڕی بە توانای مداڵانی داون هەیە

یەکێک لە نموونەی ئەو دایکە پەروەردەکارانە مامۆستا شادانە کە بڕیاریداوە ماڵەکەی خۆی بکاتە شوێنی خولی هاوینە بۆ نزیکەی ٤٠ منداڵ؛ هەنگاوێک کە سەرچاوەکەی تەنها خۆشەویستییەکی قووڵە بۆ منداڵان، لە پشت ئەم بڕیارە، چیرۆکی کوڕەکەی مامۆستا شادانە کە منداڵێکی داونە، ئەوەی ئەم دایکە و مامۆستایە لە ژیانی ڕۆژانەی کوڕەکەی فێری بووە، وای لێکردووە زیاتر هەستی بە پێویستییەکانی منداڵان بکات و باوەڕی زیاتر بە تواناکانیان هەبێت.

 

ماڵی مامۆستا شادان لەم ڕۆژانەدا تەنها ماڵ نییە، بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی دەیان منداڵ، شوێنێک کە تێیدا فێربوون لەگەڵ خۆشی و هاوڕێیەتی تێکەڵ دەبێت، ئەم چیرۆکە لە هەڵەبجەوە پەیامێکی سادەی هەیە: کاتێک خۆشەویستی بۆ منداڵان لەگەڵ پیشەی مامۆستایەتی کۆدەبێتەوە، تەنانەت ماڵێکی بچووکیش دەتوانێت ببێتە شوێنی گەورەترین خەونەکان، مامۆستا شادان بە کارەکەی پیشانی دەدات کە پەروەردە تەنها وانەوتنەوە لە پۆلێکدا نییە، بەڵکو پەروەردە بریتییە لە بینینی توانای هەر منداڵێک، دانانی دەرفەت لەبەردەمی، و باوەڕکردن بەوەی هەر منداڵێک دەتوانێت گەشە بکات.

 

بۆ مامۆستا شادان، جیاوازییەکان نابنە بەربەست؛ بەڵکو دەبنە هۆی ئەوەی زیاتر بۆ منداڵان کار بکات و لەبەرئەمە لە ماڵەکەی خۆی خولی هاوینەی بۆ ٤٠ منداڵ دەستپێکردووە، خولێک کە تێیدا منداڵان لەگەڵ یەکتر فێر دەبن، یاری دەکەن، بەشداریی چالاکییە جۆراوجۆرەکان دەکەن و کاتی پشووی هاوین بە شێوەیەکی بەسوود بەسەر دەبەن.

 

لەم بارەیەوە مامۆستا شادان کەمال قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: مامۆستام سەرەتاییم و بیرۆکەی پرۆژەکەم لەوێوە دەستیپێکرد، یەک دوومندال هاتن بۆلای کورەکەم، لەبەر ئەوەی تاکە ماڵین دراوسێمان نییە حەزم کرد منداڵ تێکەڵی مندالەکانی من ببن،بەم شیوە ئەوان هاتن هەروەک چۆن پیمخۆشە ئەوەی بۆمن گونجاوە بۆ مندالی خەلکیش بگونجێت و وابێت.

 

"مۆبایل و تیڤی بۆمنداڵەکانم بەکارناهێنم"

مامۆستا شادان شاشەی زیرەک بۆمنداڵەکانی بەکارناهێنێت و لەبری ئەوە فێری وانەی بەسوودیان دەکات و وتی: دلخۆش بوم بە هاتنی منداڵەکان بۆیە بڕیارمدا یاری سەرنج "تەرکیز" بکەین و وایلێهات ژمارەی منداڵەکان زۆر بوون و وانەکانی خویندنگە وەک بیرکاری و خوێندنی سەرن و ژینگەو دەستڕەنگینی رۆژانە دەلێینەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیەدا سەبارەت بەوەی ئەم کارە قورسە یاخود نا مامۆستا شادان کەمال وتی: ئەم کارە زۆر قورسە ، بەڵام لەبەر ئەوەی حەز دەکەم وەک منداڵی خۆم باشە هی خەلکیش باش بێت، چونکە مندالی منیش بۆ گەرەک دەروات، بۆیە سوپاسی دایکان دەکەم کە متمانەیان پێمەو منداڵکانیان دینە ماڵەکەم و منیش بە دل خزمەتیان دەکەم.