لە زاخۆ ژنێکی ٢٠ ساڵان کوژرا و سێ تۆمەتبار دەستگیرکران

لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لەناو ماڵەکەی خۆیدا بە دەستڕێژی گولە کوژرا؛ پۆلیسی ناوچەکەش سێ تۆمەتباری لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەحمەد ڕەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وتی، درەنگانی شەوی یەکشەممەی ڕابردوو، ڕووداوێکی تەقەکردن لە کۆمەڵگەی هیزاوای سەر بە ناحیەی دەرکارێ ڕوویدا. لە ئەنجامدا ژنێک بە ناوی (س. د. ع) کە تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو، لەناو ماڵەکەی خۆیدا بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف دەستڕێژی گوللەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.

 

وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری ڕووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە و تا ئێستا سێ تۆمەتبار کە کەسوکاری تاوانلێکراوەکەن دەستگیرکراون، هەروەها فەرمانی گرتن بۆ دوو تۆمەتباری دیکەش دەرچووە.

 

لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و تەرمی ژنەکەش ڕەوانەی پزیشکی دادی زاخۆ کراوە.