لیژنەیەک بۆ داخستنی کامپەکان پێکدەهێندرێت

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و پێشكەش كردنی چەند داواكارییەك، ڕێنمایی بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی لە دیوانیی وەزارەتەکە دەركرا، بە مەبەستی داخستنی كامپەكان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و داخستنی كامپەكان، بۆ ڕۆژنامەی سەباح ئاماژەی بەوەکردووە، پێشتر چەند داواكارییەكیان پێشكەش بە محەمەد شیاع سوودانی، كردبوو، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ سوودانی بە كۆمەڵێك ڕاسپاردە هاتنە دەرەوە، یەكێك لەوانەش ئەوەبووە سوودانی ڕێنمای پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای لە دیوانیی وەزارەتەکەمان كرد، بە مەبەستى هەڵسانگاندنی كارەكانی كامپەكان.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، دواتر ئەو لیژنەیە ڕاسپاردە و زانیارییەكان دەخاتە بەردەم سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر داخستنی كامپەكان بدات.

 

پێشتر ئیڤان فایەق وەزیر كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، تا كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ سەرجەم كامپەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەخرێت، بەڵام ئەو ماوەیەی دیاریكردبوو كۆتاییهات و هێشتا بەشێك لە هاوڵاتیانی عێراق لە كامپەكان و ناو شارەكانی هەرێمی كوردستانن.