داوا دەکرێت ڕێگە بە خێزانەکەی ژینا ئەمینی بدرێت گەشت بکەن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ

لە نامەیەکدا نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان لە ڕژێمی ئێران کرد ڕێگە بە خێزانەکەی ژینا ئەمینی بدات گەشت بکەن بۆ فەڕەنسا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

خێزانەکەی ژینا ئەمینی ڕۆژی هەینی ٨ی کانوونی یەکەم لەسەر بانگهێشتی یەکێتی ئەوروپا دەبوو بچنە فەڕەنسا بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران گەشت بکەن و پاسپۆرتەکانیان لەلایەن ئاسایشی ڕژێمی ئێرانەوە دەستیبەسەردا گیرا.

 

ڕۆژی دووشەممە ١١ی کانوونی یەکەم، ١١٦ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەکی کراوەیان واژۆ کرد و تیایدا داوا لە ڕژێمی ئێران دەکەن ڕێگە بە خێزانەکەی ژینا ئەمینی بدەن گەشت بکەن بۆ فەڕەنسا بۆ وەرگرتنی بەرزترین خەڵاتی یەکێتی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ،خەڵاتی "ساخارۆڤ".

 

لە تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ئازادی بیرکردنەوە بەخشی بە ژینا ئەمینی کە لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە ئەشکەنجە دراو گیانی لەدەستدا، ئەمەش گرنگترین خەڵاتی مافەکانی مرۆڤە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە لە بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ بدرێت.

 

نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا جەختیان لەوەکردەوە، نابێت ڕاستی بێدەنگ بکرێت و ڕووی ئەم بزووتنەوە ئازادییە بۆ ئەوروپا و جیهان نیشان بدرێت، ئامانجی قەدەغەکردنی گەشتەکە بێدەنگکردنی دەنگی بنەماڵەی ژینا ئەمینییە و ڕێگریکردنە لە لێدوانەکانیان لەسەر سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان و ئازادییە بنەڕەتییەکان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە.

 

شیرین ئەردەکانی، پارێزەرەکەیان لە فەڕەنسا، ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگرییان لە ئەندامانی خێزانەکەی ژینا ئەمینی کردووە وڵاتەکە بەجێبهێڵن و بچن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.