لەیلا گوڤەن: ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ هێڵی سوورمانە
لە میانی ڕێپێوانی ئازادیی کە بە پێشەنگایەتی تەژەئا لە ئامەدەوە بەرەو ئەنقەرە دەستی پێکردووە، پەیامی لەیلا گوڤەن خوێندرایەوە و دەڵێت: ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ هێڵی سوورمانە.

ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" بە دروشمی "بەهیواوە بەرەو ئازادیی ڕێپێوان دەکەین" لە ئامەدەوە تا ئەنقەرە دەستی بە ڕیپێوان کردووە، ناوچەکانی جورنەڕەشی ڕحا و دیلۆک و ئەدەنە و مێرسین و کۆنیا و ئەنقەرە دەبنە وێستگەی ڕێپێوانەکە، ئەمڕۆش لە ڕۆژی دووەمیدا ڕێپێوانەکە گەیشتە شارۆچکەی خەلفەتی لە ڕحای باکووری کوردستان.
داخوازیی سەرەکی ڕێپێوانەکە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوی یاساییە بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد.
لە میانی ڕێپێوانەکەدا پەیامی لەیلا گوڤەن کە لە زیندانی ژنانی سینجانەوە دەربارەی ڕێپێوانەکە ناردبووی خوێندرایەوە، لەیلا گوڤەن ڕایگەیاند سەرەڕای هەموو فشارەکانی سیستەمی باڵادەست، ئەوان لە زیندانەکاندا لە هەموو ساتەکانی ژیاندا بیردەکەنەوە و داهێنان دەکەن و دەنووسن و دەنەخشێنن و وتی: هاواری ‘ژن ژیان ئازادی’ کە کات بە کات و وڵات بە وڵات لە گۆڕەپانێکدا بە گوێی مرۆڤایەتییدا دەدرێت، باشترین نموونەی ئەم بەرخۆدانەی ژنانە، دەبێت بزانرێت ژنان وەک بەردی نێو ڕووبارەکانن و بە ئاسانی لەناونابرێن.
لەیلا گوڤەن پشتگیری ژنانی لەنێو زیندانەکانەوە بۆ چالاکوانان دووپاتکردەوە، وتی: بە ڕۆحییەتێکی هەڤاڵێتی کۆمیناڵ و لەسەر بناغەی هەستیاریی ژنان بۆ “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـی فەیلەسووفی سەردەمەکەمان، ڕێبەر گەلان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، سڵاو لە ڕێپێوانەکەتان دەکەین، ئازادیی ڕێبەرەکەمان کە وتی ‘بەبێ ئازادیی ژنان، کۆمەڵگە ئازاد نابێت’ و یەکەمین شۆڕشی جیهانیی ژنانی بەدیهێنا، هێڵی سووری ئێمەیە، ڕەوشی ئەو وەک دانوستانکاریی سەرەکی، پێویستی بە ئازادیی ئەوە، لەژێر ڕۆشنایی ئازادیی ڕێبەرەکەماندا، ڕێگە و چارەنووسی خۆمان دەستنیشان دەکەین، هەزار سڵاو لەو هەڤاڵانەی بوونە ئەستێرەی ئەم ڕێگەیە.
پاشان چیدەم کلیچگون ئوچار، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان "دەبەپە"، تیشکی خستەسەر گۆشەگیریی ئیمرالی و وتی: کۆمیسیۆن لە چارەسەری پرسی کورددا گوێی لە هەمووان گرت، کەچی گوێی لە بەڕێز ئۆجالان نەگرت کە ئەکتەری سەرەکیی چارەسەری ئەم پرسەیەیە، پێویستە کۆمیسیۆنەکە گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرێت.
ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی درووشم تا بارەگا دەم پارتی لە خەلفەتی بەردەوام بوو.