لەیەک ڕۆژدا لە لوبنان زیاتر لە هەزار و ٤١٩ کەس کوژراون و برینداربوون
بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، تەنیا لە دوێنێوە زیاتر لە هەزار و ٤١٩ کەس کوژراون و برینداربوون.
ناوەندی هەواڵ
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تەندرووستی لوبنان، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوێنێ و ئەمشەوی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، ٢٥٤ کەس کوژراون و هەزار و ١٦٥ کەسی تریش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە لە ڕۆژی ٢ـی ئاداری ئەمساڵەوە، کۆی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان کوژراون، گەیشتووەتە هەزار و ٧٣٩ کەس و زیاتر لە پێنج هەزار و ٨٧٣ کەسی تریش بریندار بوون.
هاوکات زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار کەس لە ناوچەکانی باشوور، بیقاع و بەشی باشووری بەیروت ئاوارە بوون، لای خۆشییەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، ماتەمینی نیشتمانیی وەک ڕێزلێنانێک بۆ قوربانییانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند.