لەسەر دۆسیەی کوشتنی دکتۆر بان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتارێكی پێشوو دەرچوو
دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق سەبارەت بە دۆسێیەی کوژرانی دکتۆر بان زیاد تاریق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ىریاری دەستگیرکردن بۆ ڕیحاب عەبود پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و بەرپرسی پێشتری دۆسیەی ژن لە پەرلەمان دەرچووە.
ناوەندی هەواڵ
دکتۆر بان زیاد تاریق، پزیشکی دەروونی لە ٤ی ئابی ئەمساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەسرە بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، وێنە سەرەتاییەکان و ڕاپۆرتەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە کوژرابێت.
ئەمڕۆ ٥ی تشرینی دووەم، دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق سەبارەت بە دۆسێیەی کوژرانی دکتۆر بان زیاد تاریق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ىریاری دەستگیرکردن بۆ ڕیحاب عەبود پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و بەرپرسی پێشتری دۆسێیەی ژن لە پەرلەمان دەرچووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕەحاب عەبودە ڕووبەڕووی تۆمەتی پەیوەندیدار بە ساختەکردنی ڕاستییەکان و ناوزڕاندنی بنەماڵەی کوژراوەکە دەکرێتەوە.
باس لەوەشکراوە، رێکاری یاسایی لەسەر بنەمای سکاڵایەکی فەرمی گیراوەتەبەر، کە لەلایەن خانەوادەی قوربانیەکەوە تۆمارکراوە، دوای ئەوەی لەلایەن داواکراوەوە تۆمەتبارکراون بە تێوەگلان لە کوشتنی کچەکەیان یاخود پەردەپۆشکردنی تاوانبارەکە.
هاوکات، ڕۆژی ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥، داوای یاسایی لەسەر هەمان لێدوان لە دژی ڕەحاب عەبود، پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن ئەسعەد غێدان، پارێزگاری بەسرە تۆمار کراوە.