لەناوبردنی دارستانەکان و دروستکردنی بەنداوەکان قەیرانی ئاوی باکووری کوردستان قوڵتر دەکەنەوە

دەریا ئاکیۆل، توێژەری بواری ژینگە هۆشداریدا لەوەی قەیرانی ئاو لە تورکیا لە باکووری کوردستان خراپتر دەبێت بەهۆی لەناوچوونی دارستانەکان و دروستکردنی بەنداوەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سیاسەتانە دەتوانن ببنە هۆی مەترسییەکی ڕاستەقینەی ئاوارەبوونی دانیشتوون.

ئارژین دیلەک ئۆنجەل

 

ناوەندی هەواڵ- قەیرانی کەمی ئاو، کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهانەوە سەرهەڵدەدات، خراپتر دەبێت و دەبێتە یەکێک لە ئاڵەنگاری هەرە ڕاستەقینەیەکان کە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات، ئەم قەیرانە ژینگەییە لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێفدا تیشکی خستۆتە سەر.

 

ڕاپۆرتەکە بە ناوی "پێشکەوتن لە ئاوی خواردنەوە و پاکوخاوێنی ماڵان ٢٠٠٠-٢٠٢٤: گرنگیدانی تایبەت بە نایەکسانی" بە بۆنەی هەفتەی جیهانی ئاو ٢٠٢٥ بڵاوکرایەوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، کە چارەکێکی دانیشتوانی جیهان هێشتا دەستیان بە ئاوی پاک و خاوێنی خواردنەوە نەگەیشتوە، لەکاتێکدا ٣.٤ ملیار کەس خزمەتگوزاری پاکوخاوێنی بەڕێوەبردنی سەلامەتیان نییە، هروەها تیشک دەخاتە سەر جیاوازییە توندەکانی دەستڕاگەیشتن بەم خزمەتگوزارییە سەرەتاییانە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، کۆمەڵگە لاوازەکان و لە نێوان منداڵان و گەلانی ڕەسەن، کە ڕەنگدانەوەی نەخشەیەکی جیهانی ئاو و وەدەرنانی کۆمەڵایەتییە.

 

کێشەی ئاوی جیهان

ڕاپۆرتێکی یونیسێف ئاشکرای دەکات، کە سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەدەست هاتوون، یەک لە چوار کەس لە جیهاندا هێشتا دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ناگات کە بە شێوەیەکی سەلامەت بەڕێوەدەبرێن، هەروەها هاوڵاتیانی وڵاتانی کەم پێشکەوتو دوو هێندە زیاتر لە هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکە ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزاری پاکوخاوێنی سەرەتایییان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، زیاتر لە سێ هێندە ئەگەری کەمی پاکوخاوێنی سەرەتایییان هەیە.

 

دابەشکردنی نایەکسانی ئاو ناوچەی "بێبەش" دروست دەکات

هەرچەندە دوو لەسەر سێی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە، بەڵام تەنها ٢.٥%ی ئاوی شیرینی زەوی بەردەستە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی ئەم ئاوە لە سەهۆڵبەندانەکاندا هەیە، تەنها ١% بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ بەردەستە، ئەم دابەشبوونە نایەکسانەی سەرچاوە ئاوییە سنووردارەکانی زەوی، هەندێک ناوچە لە دۆخێکی خراپدا بەجێدەهێڵێت و لەگەڵ زیادبوونی خێرای دانیشتوان و گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانەکە تادێت توندتر دەبێت.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندە دەکات، کە ٢.٢ ملیار کەس لە جیهاندا دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە نەگەیشتوە و لەگەڵ بەردەوامی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، پێشبینی دەکرێت کەلێنی نەرێنی ٤٠% لە نێوان خواستی ئاو و سەرچاوە بەردەستەکاندا هەیە تا ساڵی ٢٠٣٠.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا زۆرترین زیانی بەرکەوتوە بۆ کەمی ئاو، لە کۆی ١٧ وڵات کە بەرزترین ئاستی فشاری ئاویان لە جیهاندا هەیە، ١٢ وڵاتیان لەم ناوچەیەدا هەڵکەوتون، هەروەها پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠، بەردەستبوونی ئاوی ساڵانە بۆ هەر تاکێک لەم وڵاتانەدا دابەزێت بۆ خوار ئاستی "کەمیی ڕەها"، واتە کەمتر لە ٥٠٠ مەتر سێجا بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا.

 

مەترسی بوون بە "وڵاتێکی هەژاری ئاو"

ئەم ژمارانە گەورەی ئەو مەترسییە ئاشکرا دەکەن کە ڕووبەڕووی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە، لە ڕاپۆرتی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمساڵ دەرچووە ئاماژە بەوە دەکات، کە تورکیا لە ئێستادا وەک وڵاتێکی "فشاری ئاو" پۆلێن کراوە، مەترسی ئەوەی لەسەرە تا ساڵی ٢٠٣٠ ببێتە "وڵاتێکی هەژاری ئاو".

 

بەپێی ئاماری ژووری ئەندازیارانی ژینگە، تێکڕای پشکی هەر تاکێک لە ئاوی بەکارهێنراو لە تورکیا نزیکەی  هەزار و٣٣٠ مەتر سێجایە لە ساڵێکدا، بەڵام دەزگای پاراستنی سروشت هۆشداری دەدات لەوەی ئەم ڕێژەیە لە ناوچەکانی ئیجە و دەریای ناوەڕاست و باکووری کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش نیگەرانی لەسەر یەکسانی ئاو لە ناوخۆی وڵاتدا دروست دەکات.

 

هەرچەندە قەیرانی ئاو هەموو ناوچەکانی تورکیا دەگرێتەوە، بەڵام ئەو سیاسەتە ئاسایشییانەی بەسەر باکووری کوردستاندا سەپێنراون، ڕاستیەکی ئاوی ناسکتر دروست دەکەن، هەروەها سیاسەتەکانی "دامەزراندنی ئیداری" کە بۆ ماوەی دوو خول شارەکانی کوردستانی بەڕێوەبرد، ڕێگەی بۆ فراوانکردنی کۆنکرێتی کردۆتەوە، هاوکات لەناوبردنی دارستانەکان بە بیانووی "ئاسایش"، لەگەڵ دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەی کانگا و  قەیرانی ئاوی هەرێمەکەی قوڵتر کردووەتەوە.

 

دەریا ئاکیۆل، لێکۆڵەری ژینگە لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا بۆ ئەو قەیرانە ڕایگەیاندووە، کە تورکیا دەکەوێتە یەکێک لەو ناوچانەی کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهان هەیە، ئەوان کێشەکە بە 'قەیرانی ئاو' ناودەبەن، بەڵام ئێمە ئەو دەستەواژەیە بەکارناهێنین، بۆچی پرسی ئاو گۆشەگیرکراوە و وەک قەیرانێکی جیا دەخرێتەڕوو؟ ئەگەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا لەبەرچاو بگرین، ئەوا کەمبوونەوەی بەفربارین و ناڕێکی بارانبارین تەنها نیشانەکانی قەیرانێکی سیستماتیکە، ئێمە تەنها ڕووبەڕووی وشکەساڵی نابین، بەڵکو سیستەمێکە کە وشکەساڵی وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام دروستدەکات.

 

تورکیا بەبێ سیاسەتی ئاو

ئاماژەی بەوەشکرد، کە "تورکیا سیاسەتی ئاوی نییە"، بەڵکو ئاو وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە دەتوانرێت بکڕدرێت و بفرۆشرێت، و بووەتە "مڵکی تایبەت" کە لە نێوان کۆمپانیا و وڵاتاندا بازرگانی پێوەدەکرێت، دوورە لەوەی مافێکی ژیانی بێت، ئەم گۆڕانکارییە لە ئاوەوە وەک توخمێکی بوونگەرای بۆ تەنها خاوەندارێتی گۆڕاو، بە بڕوای دەریا ئاکیۆل، قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە نەک چارەسەریان بکات.

 

ئاماژەی بەوەدا، کە سیاسەتی نادروست قەیرانی ئاوی زیاتر ئاشکرا کردووە، بەڵام بەکارهێنانی شێوازی ئاودێری نەریتی وەک "ئاودێری لافاو" لە کشتوکاڵدا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی زیاتر لە ٪٥٠ ی ئاو، هەروەها خراپی ژێرخانی تۆڕەکانی ئاو لەناو شارەکان، لەگەڵ خراپبوونی و کێشەی تەکنیکی بووەتە هۆی لەدەستدانی ٪٢٥ بۆ ٪٣٠ی ئاوی بەردەست.

 

"ژیانی بایۆلۆجی لە مەترسیدایە"

دەریا ئاکیۆل ئاماژەی بەوەشکرد، کە قەیرانی ئاو لە باکووری کوردستان بە چەند هۆکارێک توندتر دەبێت، دیارترینیان فراوانبوونی شارەکانە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ڕووبەری کۆنکرێتی، کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە هاتنی ئاوی باران بۆ ناو خاک، چیتر خۆراک بە ڕووبارەکان یان ئاوی ژێر زەوی نادات، بەڵکو لەسەر ڕووبەری ڕەق بەفیڕۆی دەدات، لەگەڵ هۆکارێکی دیکەی ڕاستەقینە بریتییە لە بڕینی دارستانەکان، جا چ لە ڕێگەی ئاگرکەوتنەوە بێت یان بڕینی دارەکان بۆ کردنەوەی ناوچەی نوێ، کە ئەمەش ئەمەش ڕاستەوخۆ وشکەساڵی توندتر دەکات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە مەترسییەکە تەنها لە بەکارهێنانی تاکەکەسیدا سنووردار نییە، بەڵکو هەڕەشە لە هەموو زیندەوەرە زیندوەکان دەکات، ئاو بنەمای ژیانە و هەموو ئەو زیندەوەرانە کە پشتی پێدەبەستن ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی بوونی دەبنەوە، کە ئیکۆسیستەمەکە لەسەر هاوسەنگییەکی ناسک بونیاتنراوە، هەموو زیندەوەران کارلێک لەگەڵ یەکتردا دەکەن، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاو، بەرهەمە سەرەتاییەکانی وەک گەنم و جۆ کە پێویستیان بە بڕێکی زۆر ئاو هەیە، کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست دەبێت.

 

دەریا ئاکیۆل هۆشداریدا لەوەی وشکەساڵی و کێشەی دەستڕاگەیشتن بە ئاو دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی ئاوارەبوون لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان کە پشت بە کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆی دەبەستن، بە سەرنجدان بەوەی کە باکووری کوردستان ناوچەیەکی نیمچە وشکە، کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە توندتر دەبن، بەو پێیەی هەرێم پشت بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبەستێت وەک سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانی، بە لەبەرچاوگرتنی ژێرخانی ئابووری لاواز و کەمی ڕێژەی دامەزراندن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە دەتوانێت سیناریۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێ بگەڕێنێتەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ناوچەکەدا بینرابوو، هەروەها سیاسەتی دارستانبڕین لە باکووری کوردستان تەنها دەرئەنجامێکی سروشتی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سیاسەتی جەنگەوە، چونکە دارستانەکان دەسوتێن یان دارەکان لە ڕەگەوە دەردەهێنرێن و بە تەواوی لادەبرێن، کە ئەمەش وشکەساڵی قوڵتر دەکاتەوە و ناسکی کەشوهەوای ناوچەکە زیاد دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە جیاوازی پلەکانی گەرمای شەو و ڕۆژ کەمترین بووە، لە ئەنجامی نەمانی ڕووەک و گۆڕینی شارەکان بۆ بناغەی کۆنکرێتی، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووخاندن لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا، شارەکانی ژێرئاوکەوتوو لە کۆنکرێتدا سەریان هەڵداوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی ناهاوسەنگی گەرمی، و ڕووبارەکانی وەک فورات و دیجلە بە تەواوی لە لایەن بەنداوەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراون و ڕۆیشتنی سروشتییان ڕاگرتوە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستەمی ناوچەکە دروست کردووە.

 

"ئاشتی لەگەڵ سروشت ئەستەمە"

لە چوارچێوەی "پرۆسەی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی"دا، دەریا ئاکیۆل جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئاشتی لەگەڵ سروشتدا تەوەرێکی بنەڕەتییە، و ئێمە وەک کۆیەکی یەکگرتوو باس لە ئاشتی دەکەین لەگەڵ سروشت، هەروەها باس لە ئاشتی دەکەین لە ڕووی ماف و ئازادییەکانەوە، لە هەر پرۆسەیەکی بونیادنانی ئاشتیدا، سەرەتا دەبێت چارەسەری پێشێلکارییەکانی پێشووی مافەکان بکرێت، ئینجا گەڕانەوەی چالاکییە کشتوکاڵییەکان بە واتای دووبارە داڕشتنی شێوازی ژیانی کۆمەڵگەکە، ئاشتی تەنها بە کۆتاییهێنان بە ململانێکان سنووردار نییە، هەروەها پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە و پەیوەندییەکانی دراوسێکان و ئاوەدان دەکاتەوە، هەروەها گەڕانەوەی گوندنشینانی ئاوارەبوون لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ سەر زەویەکانیان بە واتای دووبارە بونیادنانەوەی ژیانی بەکۆمەڵ دێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ئێمە خەون بە ژیانێکی گونجاو دەبینین لەگەڵ سروشتدا، هیوای ژیانێک دەخوازین کە لە سیاسەتی قازانج دوور بکەوێتەوە و جارێکی تر کۆمەڵگە لەگەڵ سروشت تێکەڵ بکاتەوە، ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێمە شەڕی بۆ دەکەین.