لەمەراسیمێکدا خەڵاتی ڕیزلێنان بە خشرایە پەریا مەحمود یاریزانی پاڵەوانی هەڵبژاردەی عێراق

لە شاری سلێمانی، لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستان، بە بەشداری چەندین مامۆستای وەرزشی و ژنانی چالاکوان، خەڵات و مەدالیای ڕێزلێنان بەخشرایە پەریا مەحمود، یاریزانی پاڵەوانی هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانی یانەی وەرزشی سلێمانی.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ٢٠ی تشرینی یەکەم، لە تەلاری تەوار، لە شاری سلێمانی، لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردستان، مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ "پەریا محەمەد" یاریزانی پاڵەوانی هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانی یانەی وەرزشی سلێمانی، بە ئامادەبوونی زۆرێک لە یاریزانان، مامۆستایان و ژنانی چالاکوان، بۆ پشتیوانی کردن و پێدانی خەڵاتی ڕێزلێنان، لە ئەنجامی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕ لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب سازکرا، کە تێیدا مامۆستا و هاوڕێکانی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنا و مەدالیا و چەپکە گوڵیان پێشکەش بەو یاریزانەکرد.

 

سەرەتایی مەراسیمەکەش بە خوێندنەوەی ژیانامەی پەریا مەحمود دەستیپێکرد، کە تێیدا ئاماژە بەوەکرا:

ساڵی ٢٠١٠ لە سلێمانی لەخێزانێكی وەرزشی لەدایكبووە، لەتەمەنی شەش ساڵییەوە دەستی بە وەرزش بەتایبەت مەلەوانی پاسكیلسواری و ڕاكردن كردووە، لە ساڵی ٢٠١٧ش لەلایەن یەكێتی مەلەوانی عێراقەوە هەڵبژێردراوە بۆ هەڵبژاردەی مەلەوانی عێراق، هەر لەو ساڵەدا بەشداری پاڵەوانێتی كوردستانی بۆ مەلە لەهۆڵی داخراو لەئاستی پێشكەوتواندا كردووە‌ و توانوییەتی پلەی سێیەم بەدەستبهێنێت، ساڵی ٢٠١٨ش، بەشداری پاڵەوانێتی عێراقی بۆ یارییە سیانییەكان لە ڕانیە كردووە كە ماوەی یارییەكان (مەلە٤٠٠)مەتر، (پاسكیل ٢٠ كم)، (راكردن٢،٥ كم)بووە‌ و لەسەر ئاستی تەمەنی خۆی یەكەم ‌و لەئاستی پێشكەوتوانیشدا پێنجەم بووە، لە ساڵی ٢٠١٩ بەشداری لەپاڵەوانێتی مەلەی ماوە درێژ لەشارۆچكەی دوكان كردووە ‌و پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە ‌و نازناوی بچوكترین مەلەوانی عێراقیان پێبەخشیووە، ساڵی ٢٠٢٠ بەشداری پاڵەوانێتی كوردستان بۆ یارییە سیانییەكان دەكات ‌و پلەی یەكەم بەدەستدەهێنێت.

 

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١دا، توانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی پێشكەوتوانی كچان بەدەستبهێنێت‌ و بۆ یەكەمجار دەستنیشانكرا بۆ هەڵبژاردەی عێراق، هەمان ساڵا بڕیاربوو بەشداری پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا لەوڵاتی ئوردون بكات، بەڵام بەهۆی كەمی تەمەنەكەیەوە رێگەیان نەدا بەشداری بكات، هەر لەو ساڵەدا لەپاڵەوانێتی عێراقدا پلەی یەكەم ‌و ژمارەی پێوانەیی نوێ‌ تۆمار دەكات ‌و ڕاستەخۆ بۆ هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت دەكرێ‌، وە ساڵی ٢٠٢٢ ‌و ٢٠٢٣، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب ‌و ئەفریقیا لە شاری ''شەرم ئەلشێخ'' لەوڵاتی میسر دەكات ‌و هەردوو ساڵەكە پلەی سێیەم بەدەستدەهێنێت، لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕانیە بەشداری ڕاكردنی ماوە درێژی (٥) كیلۆمەتری كردووە‌ و لەسەر ئاستی یانەكانی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، هەرلەساڵی ٢٠٢٤ دا بەشداری پاڵەوانێتی عێراقی بۆ یاری دایسلۆنی ژنان لەزاخۆ كردووە‌ و پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، هەر لەو ساڵەدا دووجار بەشداری ڕاكردنی ماوە درێژی كردووە كە زانكۆی سلێمانی ڕێكیخستووە، لەهەردوجارەكەدا پلەی یەكەم بەدەستدەهێنێت، ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ لەسەر یەك ناوەندی وەرزشی كوردستان خەڵاتی وەرزشكاری ساڵی پێبەخشیووە، لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب‌ و ئەفریقیای لە شاری غەردەقە لە میسر بۆ یارییە سیانییەكان كردووە ‌و توانیویەتی پلەی یەكەم‌ و مەدالیای زێر بۆ هەڵبژاردەكەی بەدەستبهێنێت، لەئێستاشدا جگە لەوە خوێندكارە‌ و لەقۆناغی یەكەمی پەیمانگای وەرزش سلێمانییە‌ و سەركەوتووە لە خوێندنەكەیدا، سەرقاڵی مەشق ‌و راهێنان ‌و خۆ ئامادەكردنیشە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئاسیا بۆ یارییە سیانییەكان.

 

پاشان لەیلا عەبدوڵا، سکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد: یەکێتی ژنانی کوردستان پشتیوانی بۆ تەواوی ژنانی بە ئەزموون ڕاگەیاندوە، جەختی لەوەشکردەوە، لە یەکێتی ژنانی کوردستاندا سەرەڕای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ژنان، هەوڵ بۆ پشتیوانی کردنی تەواوی ژنانی بە ئەزموون دەدەین، لێرە تەنها هەوڵ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەقڵیەتی پاوانخوازی نادرێت، بەڵکو خەڵات و ڕێزلێنانەکان بۆ ژنان بەردەوامی دەبێت، لێرە بۆ پەریا مەحموود کۆبوینەتەوە تاوەکو ڕێگە خۆشکەربێت بۆ تەواوی ژنانی دیکە کە بێنە ناو بوارەکەوە، لە ئێستادا کۆمەڵگە هۆشیارە بەرامبەر ژنان و کچان، وە ئامانجمانە ژنانی دیکە هەمان ڕێچکەی پەریا و ژنانی بە ئەزموونی دیکە بگرنەبەر، بە هۆکاری ئەوەی خۆم وەرزشەوانم و یەکەمی عێراقبووم لە وەرزشی تێنسا، هەردەم هەوڵ بۆ ژنانی وەرزشەوان دەدەم وهیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، یەکێتی ژنان پشتیوانی لە تەواوی ژنانی بە ئەزموون دەکات، پێدانی خەڵاتی ڕێزلێنانیش دەبێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ بەردەوامی پەریا و هێنانە ناوەوەی چەندین ژنی دیکە تا بتوانن تواناکانیان دەربخەن.

 

لە کۆتاییدا، ناسک باقر، دایکی پەریا مەحمود، ئاماژەی بە تەواوی ئەو یانە و کەسایەتیانەدا، کە توانیویانە پشتیوانی لە تواناکانی پەریا مەحمودی کچی بکەن، هیوای بەردەوامی بۆ پەریا خواست و بەڵێنی پشتیوانی خۆی بۆ پەریای کچی دوپاتکردەوە.

 

" لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٥ چەندین خەڵاتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێ بەخشراوە "

پەریا مەحمود، یاریزانی یانە سیانییەکانی هەڵبژاردەی عێراق و یاریزانی یانەیی سلێمانی، باس لە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕ لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب دەکات، وتی: لە تەمەنێکی کەمی منداڵییەوە بەشداری یارییە وەرزشییەکانم کردووە، لە ساڵی ٢٠١٦دا بومەتە یاریزان، لە ساڵی ٢٠٢١شدا بەشداری پاڵەوانێتی عێراقم کردووە و توانیومە پلەی یەکەم بەدەستبهێنم، لە ساڵی ٢٠٢٣دا پلەی سێهەمم لە پاڵەوانێتی ئەفریقادا بەدەستهێنا، لە ئێستادا لە یانەی وەرزشی سلێمانیم و خوێندکاری بەشی وەرزشم، لە پاش هەوڵ و ماندوبونێکی زۆربەشداری ڕاهینانەکانم دەکرد، پاشان توانیم بەشداری لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی بکەم، لە ناو ١٦ ژندا پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، کە لە پاش هەوڵ و ماندوبونیکی زۆرو پشتیوانی دایکم و باوکم  و مامۆستاکانم توانیم پلەی یەکەم لە پاڵەوانێتی عێراق بۆ یارییە سیانییەکان بەدەستبهینم.

 

لە کۆتاییشدا، ڕایگەیاند: هەبوونی ئەو پاڵەوانێتییە و بردنەوەم بە پلەی یەکەم کارێکی ئاسان نەبوو، چەندین هەوڵ و تێکۆشانم بۆی ئەنجامداوە، پاشان چومە وڵاتی میسر و توانیم سەرکەوتوبم بە پلەی یەکەم، پاش ئەو هەموو هەوڵ و ماندوبونەشم چەندین خەڵاتی ڕێزلینانم لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا وەرگرتووە، بە چەندین ئامانجەوە هاتمە ناو ئەم یارییە و بەردەوام دەبم، لێرەوە سوپاسی دایکم و خێزانەکەم و مامۆستاکانم دەکەم کە هەوڵی زۆریان لەگەڵداوم، هیوادارم ئەو ژنانەی خولیایان ئەم یارییەیە بەردەوامبن و هەوڵبدەن لەسەر خولیاکەیان.

 

''چەندین ساڵە هەوڵ لەگەڵ پەریا دەدرێت تا بتوانرێت یاریزانێکی نمونەی لێ بنیادبنرێت''

ناسک باقر، دایکی پەریا مەحمود، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی عێراق لە یاریە سیانییەکانی عێراق، باس لەوە دەکات، ماوەی چەندین ساڵە هەوڵ لەگەڵ پەریا دەدرێت تا بتوانرێت یاریزانێکی نمونەی لێ بنیادبنرێت، یانەکان بەردەوام پشتیوانی بۆ سەرکەوتنەکانی دەردەبڕن، هەروەها " من و خێزان و مامۆستاکانی بەردەوام لە منداڵییەوە هەوڵ بۆ بنیادنانی پەریا دەدەین، تا بتوانێت لە هەموو پاڵەوانێتیەکاندا سەرکەوتوبێت، هەروەها من لە منداڵییەوە وەرزشەوان بووم پەریاش هەمان خولیای منی هەبووە، ڕۆژانێکبوو خەڵات و کۆڕ بۆ من دەبەسترا، ئێستا بۆ کچەکەم هەوڵ دەدرێت، هەربۆیە هەبوونی ئەو یارییە کاتێکی زۆر و توانایەکی زۆری دەوێت، لە یەک کاتدا وەرزشەوان دەبێت سێ یاری ئەنجام بدات، ئەوانیش: مەلەوانی، پاسکیلسواری و ڕاکردن، پەریا توانایەکی باشی هەیە توانی هەرسێ یارییەکە بە سەرکەوتووی ئەنجام بدات، وە بەشداری کردنیشی بەردەوام دەبێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: وەک دایکێک پشتیوانی خۆم بۆ تەواوی ئەو منداڵانەی کە لە منداڵییەوە خولیایی یارییە وەرشییەکانیان هەیە دەردەبڕم، هیوادارم ئەوانەی لە ئێستادا هەوڵ دەدەن بەردەوامی پێ بدەن، ڕاستە پشتیوانییەکان هەن بەڵام پێویستە شتیوانییەکان بۆ منداڵانی پاڵەوان زیاتر بکرێت، هەروەها خولە وەرزشیەکان بەردەوام زیاتر بکرێت تا بتواندرێت پشتیوانییەک بۆ منداڵان هەبێت.