لەماوەی جەنگی ٥ مانگدا ١٢٣ ڕۆژنامەنووس لە غەززە کوژراون

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی غەزە بڵاویكردەوە، لە ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ١٢٣ ڕۆژنامەنووس لە كەرتی غەززە كوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی غەززە لەبارەی كوژرانی چەند ڕۆژنامەنووسێكەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: لە ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكان بۆ ١٢٣ كەس بەرزبووەوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ئیسرائیل ڕۆژنامەنووسان بە ئەنقەست دەكوژرێت، بە ئامانجی شێواندن و تەمومژاویكردنی ڕاستییەكان و ڕێگریكردن لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە ڕای گشتی ناوچەیی و جیهانی.

 

ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور پێشتر بڵاویكردەوە، كەرتی غەززە بووە بە گۆڕستانێك بۆ ڕۆژنامەنووسان، چونكە ئیسرائیل بە ئەنقەست ڕۆژنامەنووسان دەكوژێت، شێوازی جۆراوجۆر بۆ ڕێگریكردنیان لە كارەكانیاندا جێبەجێ دەكات، جگە لە گەمارۆدان و ڕێگریكردن لە چوونە ژوورەوەی ڕۆژنامەنووسانی بیانی بۆ غەززە.