لەلایەن ڕژێمی ئیرانەوە چارەنووسی سێ ژنی دەستبەسەرکراو نادیارە

سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران بۆ بێدەنگکردنی ژنان بەردەوامییان هەیەو چارەنووسی سێ ژنی دەستبەسەرکراو نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و سەرچاوە خۆجێییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەربارەی دەستبەسەرکردنی ژنان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕایگەیاند، ژنێکی کورد بە ناوی زەینەب عەزیزی، لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی سیروان ئەمینی کە خەڵکی شاری سنەن، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیان و بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کران و ڕەوانەی گرتووخانەی شاری هەمەدان کران.

 

ئاماژە بەوەشکراوە؛ ئەو دوو هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون؛ دوای بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان، پێیان ڕاگەیەندراوە کە بە تۆمەتی “بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ستارلینک” دۆسیەی یاسایییان بۆ کراوەتەوە.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، مینۆ مێهرەبانی، توێژەر و چالاکوان، لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی مۆبدیار زەرتشتی لە شاری کرمان، بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

 

هۆکاری دەستبەسەرکردنیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەناڵێکی تەلەگرامیان بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی ئایینیی زەردەشتی بەکار هێناوە؛ هەوڵەکانی بنەماڵەکەشیان بۆ زانینی شوێنی دەستبەسەرکردن و باری تەندرووستییان بێ ئەنجام بووە.

 

باس لەوەشکراوە؛ ژنێکی دانیشتووی شاری مەشهەد بە ناوی ئازەر یاهوو تەمەن ٣٨ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ گرتووخانەی وەکیل ئابادی ئەو شارە گواستراوەتەوە،  بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی” زیندانی کراوە و لە مافی دیداری بنەماڵە و پەیوەندیی تەلەفۆنی بێبەش کراوە.

 

جێی ئاماژەیە؛ لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ڕژێمی ئێران فشارەکانی چڕ کردووەتەوە و تا ئێستا دەیان هاووڵاتی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستبەسەر کراون و لە بارودۆخێکی ناجێگیردا زیندانی کراون.