کۆنفرانسی ژنان لە بۆگۆتا بە چالاکیی کولتووریی کۆتایی هات
ئەو کۆنفرانسەی لەلایەن بزووتنەوەکانی ژنانی ئابیا یالا و کوردستانەوە لە بۆگۆتا بە دروشمی "ئێمە دەپشکوێین و شەڕ ناتوانێت ڕیشەکێشمان بکات" ڕێکخرابوو، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامنامەیەک، بە ڕێپێوان و چالاکیی کولتووریی کۆتایی هات.
ناوەندی هەواڵ
ئەو کۆنفرانسەی کە لەنێوان ١٢-١٥ی شوبات لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا ئەنجامدرا بە بەشداریی ٤٠٠ نوێنەر بەڕێوەچوو. لە ڕۆژی چوارەمی کۆنفرانسەکە ئەنجامنامەیەک بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاندرا.
دوای ئەنجامنامەکە، شانۆگەری و ئاهەنگی میوزیک ڕێکخرا، بەرنامەکە بە کۆبوونەوەی ژنان لە "بازاڕی ئابووریی پشتیوانی" و چالاکیی کەلتووری بەردەوام بوو.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا دژی هێرشی میلیشیاکان لە ئابیا یالا بۆ سەر منداڵ و ژن و کۆمەڵگە، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. پاشان ڕێپێوانێک بۆ پاراستنی ژیان و مافی مرۆڤ ئەنجامدرا، مەراسیمێکی سیمبولیک بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا بەڕێوەچوو.
ژنان سیستەمی نیولیبراڵ و سەرمایەداری و میلیشاییان شەرمەزارکرد کە ژیانی کۆمەڵگە و منداڵان دەکاتە ئامانج، سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ گەردوون و سرووشت و ئاو دەربڕی.
دووپاتکرایەوە کە بەهۆی هێرشی گرووپە میلیشاکانەوە لە کۆڵۆمبیا ساڵانە دەیان کەس گیان لەدەستدەدەن.