لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دوو ژن دەستبەسەر کران و ژنێکیش کوژرا
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران دەربارەی دەستبەسەرکردنی ژنان و کوشتنیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕایگەیاند، لە پارێزگاکانی ئێران دوو ژنی چالاکوان دەستبەسەر کران و ژنێکیش کوژرا.
ناوەندی هەواڵ
ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران دەربارەی دەستبەسەرکردنی ژنان و کوشتنیان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەکرد، لە هەردوو پارێزگای تاران و ئەلبوورز دوو ژنی چالاکوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران دەستبەسەر کران و تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، هەروەها ژنێکی ئیسفەهان، کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەی لێکرابوو، دوای دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.
لە ١٤ی ئاداری ئەمساڵدا، پەرستوو ڕەبیعی تەمەن ٢٢ ساڵ و چالاکوانی مەدەنی لە پارێزگای تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران بەبێ فەرمانی دادوەر و بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستبەسەر کرا، پاش دەستبەسەرکردنەکەی بۆ گرتووخانەی قەرچەک گواستراوەتەوە، هەروەها تۆمەتی “گردبوونەوە، پێلانگێڕی و پرۆپاگەندە دژی دەوڵەت” خراوەتەپاڵی.
هاوکات، ئەمینە قاسم زادە چالاکوانی مەدەنی لەگەڵ کوڕە ١٥ ساڵانەکەی بەناوی ئاریۆ مەشرافی لە شارۆچکەی نەزەر ئابادی پارێزگای ئەلبوورز بەبێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران دەستبەسەر کرا و هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندرووستیانەوە لە بەردەستدا نییە.
کەسوکارەکەی هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەی بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی بە مردنی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەگەڕێننەوە.
فاتمە عەباسی خەڵکی ئیسفەهان کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەی لێکرابوو، دوای نزیکەی دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.
لە کاتیکدا فاتمە عەباسی هەوڵیداوە دەرگای ماڵەکەی بۆ خۆپێشاندەران بکاتەوە تا پەنایان، لە لایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئیران فیشەک نراوە بە ملیەوە، بەهۆی ئەو فیشەکەوە تووشی بڕانەوەی دڕکەپەتک بووە.
لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەی لە نێوان ئامادەبووان و هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران گرژیی و پێکدادان ڕوویادوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە دانانی پرسە کردووە، بەو هۆیەوە باوکی ناوبراو و برا ١٣ساڵانەکەی دەستبەسەر کران.