لەلایەن ٣٠ ڕێکخراوەوە چالاکییەک بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ڕێکخرا

بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە پارکی هەواری شاری سلێمانی، زیاتر لە ٣٠ ڕێکخراو چالاکییان ئەنجامدا بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنانی کۆمەڵگای کوردی.

بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە پارکی هەواری شاری سلێمانی، زیاتر لە ٣٠ ڕێکخراو چالاکییان ئەنجامدا بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنانی کۆمەڵگای کوردی.

سلێمانی

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارکی "٢٥ی نۆڤەمبەر" لەناو پارکی هەواری شار-ی سلێمانی چالاکی تایبەت بەو یادە ئەنجامدرا و تیایدا مێژووی ٢٥ی تشرینی دووەم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.

 

چالاکییەکە بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی و بەشداری زیاتر لە ٣٠ ڕێکخراو  و بەڕێوەبەرایەتی بەەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان و ژمارەیەک لە چالاکوان بەڕێوەچوو.

 

 

بەهار مونزیر، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، یاداشتی گروپی کاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی خوێندەوە و لە ٧ خاڵدا داواکاری و بنەمای کاری هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی خوێندەوە.

 

هەروەها نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد لە ساڵانی ڕابردوودا کاریان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان کردووە و داکۆکیکاری ماف و داواکاری تاکەکانی خێزان بووە، وتیشی: ساڵانە لە ڕێگەی قوتابخانە و گەڕەکەکانەوە هۆشیاری بڵاودەکەینەوە و داواکارین لە ڕووی یاسایشەوە هەوڵ بدرێت و یاساکان هەمواربکرێنەوە.

 

کەمپەینێک بۆ هۆشیاری و کەمکردنەوەی هەراسانکردن

شۆخان ئەحمەد، ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی بە ئاژانسی نوژنهای ڕاگەیاند: هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی  بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانمان ڕاگەیاند و لە وماوەیەدا بەردەوام دەبین لە چالاکییەکان.

 

ئاماژەی بەوەشدا ساڵانە کاردەکەن بۆ مافەکانی ژنان، بەڵام لەم ١٦ ڕۆژەدا زیاتر کارەکانیان لە چوارچێوەی هۆشیارکردنەوەدا ئەنجام دەدەن بە شێوەی ئۆنڵاین و لە ڕێگای میدیاوە، هەروەها کار دەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان کە ناتوانن دەنگیان دەربکەن و داوای مافەکانیان بکەن لە ڕێگای هاشتاگی "کەمکردنەوەی هەراسانکردنی ژنان لەناو کۆمەڵگا" و "کەمکردنەوەی هاوسەرگیری پێشوەختە".

 

هەر لە چالاکییەکەدا ژمارەیەک مێز ڕازێندرابوونەوە کە تایبەتبوون بە ڕێکخراو و کەمپەینەکان، لە نێویاندا مێزی کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە"ی تێدابوو، کە تایبەتە بە ناونانی ئەو منداڵانەی لە شەڕەکاندا لەلایەن داعش و لە ئەنجامی دەستدرێژییەوە لەدایکبوون.

 

لە بەشێكی دیکەی چالاکییەکەدا پێشەنگایەکی شێوەکانی بۆ ئەو تابلۆیانە کرایەوە کە لەلایەن ژنانی شەڵتەرەکانی ژنانەوە کێشراون، هەر یەکێک لەو تابلۆیانە باسی لە گیروگرفت و کێشەکانی ئەو ژنانە دەکرد کە لە شەڵتەرەکاندا ژیانیان بەسەردەبەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

 

نەقیب سازگار، سەرپەرشتیاری مۆبایل تیم لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، لەبارەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەوە وتی: "بەڕێوبەرایەتییەکەمان هەرچەندە بەردەوام کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، بەڵام لەم ١٦ ڕۆژەدا هەوڵ دەدەین لە ڕێگای کۆڕ و سیمیناری جیاوازەوە هۆشیاری زیاتر بڵاوبکەینەوە"، ئاماژەی بەوەشدا ئامانجی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هۆشیارکردنەوەی تاک و کەمکردنەوەی توندوتیژییە لە کۆمەڵگادا.

 

ت.پ