لە غەزە چالاکییەکانی ڕۆژی ژنان بە درێژایی مانگی ئادار بەردەوام دەبێت

ئەو چالاکییانەی کە لە چوارچێوەی ڕۆژی جیهانی ژنان ٨ی ئادار لە غەزەی پایتەختی فەڵەستین بەڕێوەچوو، بە درێژایی مانگی ئادار بەردەوام دەبێت.

نەغم کەراجە

 

غەزە- هەموو ساڵێک لە ٨ ئادار وڵاتانی جیهان ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆز دەکەن، وەک ڕێزلێنانێک لە هەوڵدان، خەبات و تێکۆشانی  ژنان لە هەموو بوارەکان و ژنە فەڵەستینییەکان نمونەیەکی بەرجەستەی سەرکەوتنە شەرەفمەندەکانی ژنانن لە مێژووی فەڵەستین.

 

بەڕێوبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵایەتی عەندەلیب عدوان دەڵێت: " ٨ ئادار بە ڕۆژێک دادەنرێت بۆ پێداچوونەوە بەو ڕاستیە پڕ لە ئازارەی کە ژنان تێیدا دەژین لە هەموو ناوچەکانی فەڵەستین، لە مانگی ئادار زۆرێک لە چالاکییەکانی داکۆکیکردن لە پرسەکانی ژنانی فەڵەستینین ئەنجام دەدرێت، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە".

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەو چالاکیانەی لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەنجام دەدرێن پەیوەندییان بە هەموارکردنەوەی یاساکانەوە هەیە لە بەرژەوەندی ژنان و پەرەپێدانی سیاسەتێک بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان، هاوکات لەسەر ئاستی دەرەکیش چالاکییەکان بە گشتی بریتین لە چالاکی داکۆکیکردن کە تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی ژنان لە ئەنجامی ئەو پراکتیزە سیستماتیکیانە و ئەو گەماڕۆیەی کە ئیسرائیل بەسەریاندا سەپاندویەتی.

 

دامودەزگاکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکان، لە بەرنامە و پرۆژەکانیاندا خزمەتی ژنان دەکەن و بەهێزیان دەکەن لە هەموو ڕوویەکەوە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە دەروونی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان و بەدواداچوون بۆ بارودۆخەکانیان و بونیاتنانی تواناکانیان و هاوکاریکردنیان بەرەو باشترکردنیان دەدەن.

 

عەندەلیب عدوان ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان بابەتی بیروڕای گشتی دەگرنەبەر و هەوڵدەدەن بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتکراوەکانی ژنان، داوای لەو کەسانەشکرد کە لە پۆستە گرنگ و بڕیاردەرەکانن کە چارەسەری دادپەروەرانە بۆ ژنان بدۆزنەوە و یاساکان هەموار بکەنەوە و سیاسەتەکان دابڕێژن بۆ دڵنیابوون لە پاراستن و ئاسایشیان.

 

سەبارەت بەو چالاکییانەی کە سەنتەرەکە لە ماوەی مانگی ئاداردا ڕێکدەخات، ڕوونیکردەوە، "زیاتر لە ١٠ وۆرکشۆپی هۆشیاری بۆ ژنان سەبارەت بە سەلامەتی دیجیتاڵی جێبەجێ دەکرێت، هەروەها پێنج نمایشی شانۆیی لە قوتابخانەکاندا نمایش دەکرێن کە کچان و کوڕان دەکەنە ئامانجی هۆشیارکردنەوەیان، چەندین کۆبوونەوەی پەروەردەیی لەسەر پێشێلکارییە دیجیتاڵییەکان، جگە لە ئەنجامدانی دانیشتنێکی لێپرسینەوە لەژێر ناونیشانی پێشێلکارییەکان دژی داکۆکیکارانی مافی ژنان لەژێر ڕۆشنایی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی سەریان و دەستپێکردنی کەمپینێک لەژێر دروشمی پاراستنی مافە، و ئەڵقەی کارلێککارانە لەسەر مافەکانی ژنان پەخش دەکرێت، و ٣٠ چیرۆک دەربارەی ڕزگاربووانی توندوتیژی بڵاودەکرێتەوە."

 

 

لای خۆیەوە، چالاکوانی فێمینیست ئینعام ئەبو قینس وتی، "لەم ڕۆژەدا داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین فشار بخەنە سەر ئازادکردنی ٣٥ ژنی زیندانیکراو، هەروەها بەدواداچوون بۆ بارودۆخی تەندروستی و دەروونییان بکەن".

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنە فەڵەستینییەکان مۆدێلێکن لە هێز و بەرخۆدان و خۆڕاگری، وتی: "ئێمە مەدالیای شەرەف دەدەین بە ژنان، بەهۆی هێز و خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی".

 

بەڕێوەبەری دەزگای ڕۆڵەکان بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، سەحەر قەواسمە، ڕوونیکردەوە، " ژنانی فەڵەستینی لە قوربانیدان و خەبات و تێکۆشانیاندا جیاوازن لە ژنانی جیهان، هەرچەندە ژنانی جیهان لە ٨ ئادار هاوبەشی دەستکەوتەکانیانن، بەڵام ژنە فەڵەستینییەکان خۆیان جیاواز دەبینن بەهۆی سروشتی ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.