ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: لە تەنیشت وشەی ژن دەبێت " ژن، ژیان، ئازادی" بنوسرێت

ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە پەیامی جیادا لە کاتی پیرۆزبایی ٨ی ئادار دەڵێن: لەگەڵ شۆڕشی ژینا زیندوو بووینەوە بۆ ئەوەی جیهان تێبگات کە نابێت وشەی حیجاب، منداڵبوون و شەرەف لە تەنیشت وشەی ژن دابنێن، بەڵکو دەبێت "ژن، ژیان، ئازادی" بنوسرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە پەیامێکی هاوبەشدا ئاگرین لە دیواندرەوە و زیلان لە سنەوە دەڵێن: ئەمساڵ پێشوازی لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین، کە جیهان داوای شۆڕشێک دەکات بە ناوی "ژن، ژیان، ئازادی".

 

٨ ئادار، لەگەڵ شۆڕشی "ژن، ژیان،ئازادی" مێژوویەکی دروستکردووە کە ژیانێکی نوێ بە گۆڕانکاری لە یاساکان دروست دەکات، ئەمڕۆ بێ بایەخ کردن بە مافەکانی ژنان بوەتە کولتوورێکی گشتی و یاسا نادادپەروەرەکان پشتیوانی لێ دەکەن، پێویستە ژنان بزانن جگە لە خۆیان کەس ناتوانێت لە ئاست بەهاکان و کۆمەڵگاکەیاندا بژین، گۆڕینی ئەم کولتوورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە دەیان ساڵ خەباتی فکری و پراکتیکی هەیە لەلایەن ژنان و پیاوان.

 

ژنان ناتوانن سەفەر، خوێندن و کار بە بێ ڕەزامەندی هاوسەرەکانیان بکەن کە ئەمەش لە سوود و بەرژەوەندی هاوسەرەکانیانە، کاتێک یاسا "کوشتنی شەرەف" پەسەند دەکات یان لانیکەم بە بێ سزای دەزانێت، پێناسەی ئەمە جگە لە یاساییکردنی تاوان و داننان بە دڕندەیی هیچی تر نیە.

 

کاتێک دادگاکانی ڕژێم، تەنانەت لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی نێوان ژن و پیاودا، تاوانەکە دەخەنە ئەستۆی ئەو ژنەی کە بە ڕەفتارەکانی وای لە کەسی دەستدرێژیکار کردبێت تاوانەکەی ئەنجامبدات، ئەوان نایانەوێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لەو دامەزراوانەدا ڕووبدات، و هەموو ڕۆژێک و هەموو کاتژمێرێک ئەم کارە ئەنجامدەدەن، ئێمە لەگەڵ شۆڕشی ژینا زیندوو بووینەوە و ڕوخانی ئەم ڕژێمەمان گرتە ئەستۆ کە بەستراوەتەوە بە حیجابەکەمانەوە لەسەر شەقام، تا دونیا بزانێت کە نابێت وشەی حیجاب و منداڵبوون و شەرەف لە تەنیشتەوە دابنێن بەڵکو لە تەنیش وشەی ژن دەبێت "ژن، ژیان، ئازادی" بنوسرێت.

 

سارینا وێڕای ڕێزگرتن لە یادی هەموو ئەو کەسانەی لە ڕێگای ئازادی و یەکسانی و سەرهەڵدانی ژنان لە ژیانی ئازادیدا گیانیان لە دەستداوە، دەڵێت: : دەبێت ٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان بێت بۆ هەموو ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی وڵاتەکەی من کە ساڵانێکە مافی ژیانیان لێ زەوت کراوە کە شایەنیەتی، ژنانی خاکی من هەرگیز لە بەرامبەر نایەکسانی بێدەنگ نەبوون و ژنانێکی زۆر لەم خەباتەدا گیانی خۆیان لەدەستداوە، بەڵام کۆڵیان نەدا و هەوڵیان دا وەک مرۆڤێک مافەکانیان بەدەست بهێنن و شۆڕشی ژینا بە گوێی هەموو جیهان بدەن بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی".

 

چرۆ، بە دەربڕینی هیوای ئازادی و سبەینێیەکی باشتر بۆ ژنان دەڵێت: " ٨ی ئادار وەک ڕۆژی جیهانی ژن دەبێت بۆ هەموو ژنانی ئازادیخواز و تێکۆشەرانی جیهان بەرز ڕابگیرێت، ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو جیهاندا چەند هێندە بێت، ژنیش مافی خۆیەتی خاوەنداریەتی لە جەستە و ڕۆحی بکات، و چارەنووسی لە دەستی خۆیدا بێت باشترە، هەموو ژنان مافی سەما و گۆرانی و خۆشویستن و ئازادیان هەیە، پیرۆزبای ٨ی ئادار لە ژنانی ستەملێکراوی وڵاتەکەم دەکەم، لەسەر لوتکەکانی خەبات و بەرخۆدان دەوەستین تا هەموو مافەکانمان دەست دەکەوێت و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەدییان دەهێنین و دەزانین کۆمەڵگە ئازاد نابێت تا ژن ئازاد نەبێت.”