بەردی گورچیلە لەنێو منداڵان و هەرزەکاران بەرز دەبێتەوە

خواردنی نا تەندروست و بەرزی پلەکانی گەرما هۆکاری زیادبوونی بەردی گورچیلەیە لە نێو منداڵان و کچانی هەرزەکار.

ناوەندی هەواڵ

 

پسپۆڕانی تەندروستی زیادبوونی بەردی گورچیلە لە منداڵان و هەرزەکاران لە وەرزی هاوین بەدیدەکەن، بەردی گورچیلە کە پێکدێت لە نیشتنی کانزا و خوێیەکان لە بۆری میزدا دەگیرێن، ئێستا وەک حاڵەتێکی پزیشکی لە کەسانی گەنج بەتایبەتی لەنێو کچانی هەرزەکاردا بەڕێژەیەکی بەرز ڕوودەدات.

 

هۆکارەکانی زیادبوونی ئەم حاڵەتە لە منداڵان و هەرزەکاران پشت ڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی پێشبینی دەکەن کە کۆمەڵێک هۆکار پێکەوە بەشداری دەکەن، لەوانە ڕێجیمەکان کە ڕێژەیەکی زۆر خۆراکی زۆر پرۆسێس کراویان تێدایە، زیادبوونی بەکارهێنانی دژە زیندەیی و گۆڕانی کەشوهەوا کە دەبێتە هۆی حاڵەتی زیاتری وشکبوونەوەی لەش.

 

بەردی گورچیلە کاتێک ڕوودەدات کە کانزاکانی وەک کالیسیۆم، ئۆکسالات و فسفۆر لە میزدا کۆدەبنەوە و کریستاڵێکی ڕەقی زەرد دروست دەکەن کە وەک دەنکە خۆڵێک بچووکە یان بە قەبارەی گەورەترە، هەندێک بەرد ڕێگەی خۆیان لە بۆری میزەوە دەکەنە دەرەوە بەبێ دروستکردنی کێشەی تەندروستی، بەڵام هەندێکی تر دەتوانن گیر بخۆن و ڕێگری لە ڕۆیشتنی میز بکەن و ئازارێکی زۆر و خوێنبەربوون دروست بکەن.

 

بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی نیشتمانی گورچیلە، نزیکەی ٪١٠ی خەڵکی ئەمریکا لە قۆناغێکی ژیانیاندا بەردی گورچیلەیان دەبێت، بەرد لە منداڵانی تەمەن ٥ ساڵدا دەدۆزرێتەوە.

 

یەکێک لە خەمڵاندنەکان لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٦ەوە هاتووە، نزیکەی ١٥٣ هەزار گەورەساڵ و منداڵی لە کارۆلینای باشوور لەخۆگرتبوو کە چاودێری فریاگوزاری، نەخۆشخانە یان نەشتەرگەرییان بۆ نەخۆشی بەردی گورچیلە وەرگرتووە.

 

توێژینەوەکە لە گۆڤاری کلینیکاڵ جۆرناڵی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ گورچیلە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە ڕێژەی ساڵانەی تووشبوون بە نەخۆشی بەردی گورچیلە لە ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠١٢ بە ڕێژەی ١٦٪ زیادی کردووە و لە تەمەنی ١٥ بۆ ١٩ ساڵدا زۆرترین زیادبوونیان بەخۆوە بینیوە.

 

  لەناو ئەم گروپە تەمەنییەدا، ڕێژەی بەردی گورچیلە لە نێوان کچان و ژناندا بە ڕێژەی ٥٢٪ زیاتر بووە، نەخۆشییەکە زیاتر لە پیاواندا بڵاوبووەوە کە لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە دەستیپێکرد.