ژنانی ڕەشپێست هەلی کاری کەمتریان پێدەدرێت

بەهۆی جیاکارییەکانی سیستمی سەرمایەداری و بە کاڵاکردنی ژنان لە دەستکەوتنی کاری شایستە، ٪٢٥ ژنانی ڕەشپێست ڕایانگەیاندووە کە پێیان وایە بەهۆی شێوازی ڕووخسار و قژیانەوە لە چاوپێکەوتنی کار ڕەتکراونەتەوە

ناوەندی هەواڵ

 

زۆرینەی ژنانی ڕەشپێست بەهۆی جیاکارییەکانی سیستمی سەرمایەداری و بە کاڵاکردنی ژنان لە دەستکەوتنی کاری شایستە ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، بەهۆیەوە ناچاردەبن بۆ دەستکەوتنی کار گۆڕانکاری لە شێوە و ڕووخسارییاندا بکەن.

 

بەشێکی زۆری ژنانی ڕەشپێست کە بەشدارییان توێژینەوەیەکدا کردوە دەڵێن هەست دەکەن دەبێت شێوازی قژیان بگۆڕن تەنها بۆ ئەوەی بە جددی وەربگیرێن بۆ هەلی کار و لە شوێنە پیشەییە شایستەکان.

 

نایەکسانی لە ئەزموونەکانی شوێنی کارکردندا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لە شێوازی نزیکبوونەوەی کرێکاران لە کارەکانیان، ئەرێنی یان نەرێنی، ئەم ئەزموونانە توانای تاک پێکدەهێنن بۆ متمانەکردن بە کەسانی دیکە و دروستکردنی تیمی بەرهەمدارتر و کاریگەرتر، بۆ کارمەندان، هەستکردن وەک ئەندامێکی بەنرخی تیمی کارکردن و باوەڕبوون بەوەی کە سەرپەرشتیارەکەیان ژینگەیەکی متمانەپێکراوی ڕەخساندووە بۆیان کارەکان بەرەوپێش دەبات و گشتگیری دروست دەکات.

 

نزیکەی هەزار ژنی ڕەشپێستی تەمەن ٢٥ بۆ ٦٤ ساڵ، بە هەردوو شێوەی کارمەندی نیوڕۆژ و ڕۆژی تەواو، بەشدارییان لە توێژینەوەکە کردووە.

 

نزیکەی ٦٦٪ ئەو ژنانەی بەشدارییان لە توێژینەوەکە کردووە ڕایانگەیاندووە کە قژیان گۆڕیوە بۆ چاوپێکەوتنی کار، ٪٢٥ ژنانی ڕەشپێست ڕایانگەیاندووە کە پێیان وایە بەهۆی شێوازی ڕووخسار و قژیانەوە لە چاوپێکەوتنی کار ڕەتکراونەتەوە و لە شوێنی کارکردن دووهێندە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، نزیکەی ٪٢٥  ژنانی ڕەشپێست کە تەمەنیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٤ ساڵیدایە کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە وتوویانە کە بەهۆی قژیانەوە لە شوێنی کارەکەیان دوورخراونەتەوە.

 

لە ڕاپرسییەکدا کە لەلایەن سەنتەری گالۆپ بۆ دەنگە ڕەشپێستەکان لە نێوان ٦ی تشرینی دووەم و ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە ژنانی ڕەشپێست کەمتر هەست دەکەن لە شوێنی کاردا بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەروەها کەمتر هەست دەکەن وەک ئەندامێکی بەنرخی تیمەکەیان و هاوکارەکانیان بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

سەنتەری گالۆپ بۆ دەنگی ڕەشپێستەکان دەریخستووە کە تەنها ٪١٣ ژنانی ڕەشپێست پێیان وابووە کە دەستیان بە کارێکی باش لە کۆمەڵگەکەیاندا بگات، کەمێک زیاتر لە یەک لەسەر سێش دەڵێن کە بە ئاسوودەیی بە داهاتی ئێستایان دەژین.