ئامادەکارییەکان بۆ گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز تەواوبووە

ئامادەکارییەکان بۆ گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەدی باکووری کوردستان تەواوبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

سبەینێ گەورەترین ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە جزیرە و ئامەد ئامادەکارییەکانی ئاهەنگی نەورۆز تەواوبووە.

 

دەستەی ئامادەکاری هەریەکە لە ئاهەنگەکانی نەورۆز لە جزیرە و ئامەدی باکوری کوردستان ڕایانگەیاند، گۆڕەپانی ئاهەنگی نەورۆزیان بۆ سەدان هەزار کەس ئامادەکردووە، ئامادەن بۆ پێشوازی کردن لە بەشداربوان و میوانانی ئاهەنگەکە، هەرچەندە بەهۆی بوومەلەرزەکانی مانگی شوباتەوە کە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، سووریا و تورکیا ڕوویدا  ئاهەنگی نەورۆز هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو نییە.

 

لە بەشێکی زۆری شارەکانی باکووری کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆز تەواوبووە، لە ئامەدی باکووری کوردستانیش گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵیش پێشبینی دەکریت ئاهەنگەکە گەورەترین ئاهەنگی نەورۆز بێت لەسەر ئاستی جیهان.