هەزاران کەس لە ئەستەمبوڵ نەورۆز پیرۆزدەکەن

ئەمساڵ لە ئەستەمبوڵ ئاهەنگی نەورۆز لە گۆڕەپانی یەنیکاپی بەڕێوەدەچێت و هەزاران کەس بە جلی کوردییەوە جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمساڵ لە ئەستەمبوڵ ئاهەنگی نەورۆز لە گۆڕەپانی یەنیکاپی بەڕێوەچوو و هەزاران کەس بە جلی کوردییەوە جەژنی نەورۆزیان پیرۆزکرد، نەورۆزی ئەمساڵ تایبەتە بە یادی ئەو کەسانەی کە لە هەردوو دوو بوومەلەرزەکەی مەڕەش لە ٦ی شوبات گیانیان لەدەستدا کە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریای گرتەوە.

 

جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٣ بە دروشمی " هەمیشە نەورۆز، ئازادی لە هەموو شوێنێک" و "ئازادی بە ئاگری نەورۆز" بەڕێوەدەچێت.

 

ئاهەنگی نەورۆز بە پێشەنگایەتی پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، کە بەشداری هەزاران کەسی بەخۆیەوە بینی و لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ئەستەمبوڵیان بەجێهێشتبوو و هاتبوونە مەراسیمەکە بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز.

 

سەرەڕای بارانبارینی بەخوڕ، هەزاران کەس لە مەیدانی یەنیکاپی بەشداری ئاهەنگەکەیان کرد، ژنان و گەنجان دروشمەکانی ئازادیان دەوتەوە، لە کاتێکدا خەڵکەکە لە گۆڕەپانەکەدا پشکنینی ئەمنییان ئەنجام دەدا، هەندێک شوێنی دەروازەی میترۆی یەنیکاپی -مەرمەڕای لەلایەن پۆلیسەوە داخران و لە دەروازەی ئاکسارەیەوە ڕێگەی چوونە ژوورەوەیان پێدرا.