لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی کەرتی تەندروستی هەڵەبجە دەکرێت

دوای خستنەڕووی گەندەڵییەکان لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا، وەزیری تەندروستی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان دروستدەکات.

هەڵەبجە

 

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی پزیشک باخان ئازاد لە ڕاگەیاندنەکانەوە و ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان لە کەرتی تەندروستی هەڵەبجەدا و خستنەڕووی بەڵگەنامە و تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن پزیشک باخانەوە لە داواکاری گشتی، وەزیری تەندروستی لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر قسەکانی ناوبراو.

 

پاش ئەوەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجەدا پزیشک باخان ئازاد، کێشە و گرفتەکانی کەرتی تەندروستی خستەڕوو، داوای لە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی کرد بە زووترین کات بەدواداچوون بکەن بۆ کەرتی تەندروستی هەڵەبجە.

د.سامان حسێن بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لیژنەیەکی سێ کەسی بە سەرۆکایەتی د. ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی، ئەندامیەتی هەریەک لە د.ڤیان محمد حسین، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و  فاطمة قادر خضر، ڕاوێژکاری یاسایی، پێکهێناوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی قسەکانی پزیشک باخان و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ڕەوشی خزمەتگوزاری لە پارێزگای هەڵەبجە.

 

ت.پ