پۆڵەندا قەدەغەی هاوردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا دەکات

پۆڵەندا لە دوای ١٥ ئەیلولی ٢٠٢٣ قەدەغەی هاوردەکردنی دانەوێڵەی لە ئۆکراینا دەکات، ئەمەش پاش ئەوەیە کە پۆڵەندا بووە تاکە دەرچە بۆ هەناردەکردنی کشتوکاڵی ئۆکرانیا دوای وەستانی گرێبەستی دانەوێڵە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆبەرت تێلێوس، وەزیری کشتوکاڵی پۆڵەندا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆندا ڕایگەیاند، "لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وەک ڕۆمانیا و سلۆڤاکیا هەیە بۆ سەپاندنی قەدەغەکردنی بە کۆمەڵ لەسەر هاوردەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکراینا".

 

وەزیرەکە جەختی لەوە کردەوە کە "پۆڵەندا ئامادەیە قەدەغەکردنی تاکلایەنە بسەپێنێت، ئەگەر لەسەر ئاستی یەکێتی ئەوروپا کۆدەنگییەک دروست نەکرێت، چونکە بەرژەوەندی جووتیارانی ناوخۆ بۆ حکومەتی پۆڵەندا گرنگە، هەروەها بەرژەوەندی بەکاربەرانیش گرنگە".

 

بەڵام ئەو بەرپرسە پۆڵەندییە ئاماژەی بەوەدا کە پۆڵەندا یارمەتی ئۆکراینا دەدات لە پرسی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە ڕێگەی خاکی پۆڵەندا، هەروەها وتی: "ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئۆکراینا، هەروەها لەگەڵ لیتوانیا و لاتڤیا، بۆ بەکارهێنانی بەندەرەکانیان".

 

هاوکات پێشتر پۆڵەندا داوای لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کردبوو کە یەک ملیار یۆرۆی پێبدات بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی هەناردەکردنی دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکراینا.

 

لە کۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوودا وڵاتانی ئەوروپا داوای لە ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کرد دەستوەردان بکات لەو قەیرانەی کە لە یەکێتی ئەوروپا بەهۆی هاتنی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە سەریهەڵداوە.

 

وەزیرانی پۆڵەندا، هەنگاریا، ڕۆمانیا، بولگاریا و سلۆڤاکیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە "کێشەکان پەیوەندییان بە زیادبوونی بەرچاوی دابینکردنی بەرهەمە ئۆکرایناییەکانەوە هەیە بۆ بازاڕەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، بەتایبەتی ئەوانەی هاوسنوورن لەگەڵ ئۆکراینا".