" فاشیزم لەبەر هێز و ئیرادەی ژنە شۆڕشگێڕەکانی کورد خەو لەچاوی زڕاوە"

ژنانی باشووری کوردستان شەهیدکردنی ژنانی شۆڕشگێڕ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار دەکەن، خەبات و شۆڕشی ئەو ژنانە وەبیردەهێننەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان هاوسۆزی خۆیان نیشان دەدەن و بەڵێنی بەردەوامیدان بە ڕێبازی تێکۆشانیان دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی ناوچەی تربەسپی، ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و لێمان شوێش، جێگرەکەی و هاوڵاتییەک بە ناوی فیرات تومۆ شەهیدبوون و  گۆبی شەمون، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بریندار بوو.

 

لێمان شوێش، جێگری هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ، لە ماوەی ڕابردوودا نوێنەری پێشووی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان بوو، چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستان هەبووە و لە ڕێگەی چالاکی و تێکۆشانیان بۆ خەباتی ژنان، هاوڕێیەتی و تێکەڵیی لەگەڵ ژناندا هەبووە، لە ئاستی تێکۆشاندا پێشەنگ و لە ئەرکدا چالاک بووە، ژنانی نووسەر، چالاکوان، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان، شەهیدبوونی لێمان شوێش و ژنانی شۆڕشگێڕ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەبات و شۆڕشی ئەو ژنانە وەبیردەهێننەوە و نیگەرانی خۆیان نیشان دەدەن.

 

کەژاڵ نووری، نووسەر و چالاکوان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە:

 

" هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ شەهیدبوو، لە سەر خاکی خۆم شەهیدم دەکەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر خاکم بۆ ئەوەی تەسلیم بم، بەڵام من ئەو دەستە دەبڕمەوە کە داگیرکەر و خائینانی ناوخۆ درێژی دەکەن بۆ سەر خاکم...شەهیدبوونتان پیرۆز، وەک چۆن خەبات و بەرگریتان رەوابوو، سۆز دەدەم کە هەرگیز خیانەت لەو گەل و خاکە نەکەم. ئێوە پێشڕەوی ئێمەن.

 

ئەمڕۆ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی مەغۆل، گورگی بۆر، کانتۆنی قامیشلۆی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد و شەهید و بریندار هەیه، لە ناویاندا دوو شەهیدی سەرکردەی ژن هەیە، ئەوەش ئەردۆغانەکەتان کوردی خائین و ئیسلامی ئیخوانی..

 

ئەمڕۆ سێ شەممە بە بۆردومانی فڕۆکەی تیرۆرستانی تورکیا "یوسرا دەروێش" هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و شۆفێرەکەی و جێگرەکەی و "لیمان شوێش" ناسراو بە ڕەیحان، نوێنەری پێشووی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای نێوان تربەسپی و قامیشلۆ تیرۆکران.

 

شەهادەتتان پیرۆز ژنانی چەلەنگی خاکی میزۆپۆتامیا، شۆڕشگێڕانی نیشتمان و نەوەکانی کەوانەی زێڕینی کورد."

 

 

فاشیزم لەبەر هێز و ئیرادەی ژنە شۆڕشگێڕەکانی کورد خەو لەچاوی زڕاوە

بێریڤان محەمەد، ڕۆژنامەنووس، خەبات و شۆڕشی ژنان وەبیردەهێنێتەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی:

" فاشیزم لە تاو هێز و ئیرادەی ژنە شۆڕشگێڕەکانی کورد خەو لەچاوی زڕاوە، لەڕێگەی هەوڵی ترسنۆکانە دەیەوێت بەر بەم شۆڕشە بگرێت، بێگومان خەیاڵی خاوە هەریەک لەم هەڤاڵانە کە ئەمڕۆ شەهید بوون بەسەدان ژنی هاوشێوەی خۆیان ئامادە کردووە و پێگەیاندووە و ڕێبازەکەیان درێژە پێدەدەن، ڕۆحی هەردوو هەڤاڵ هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ یوسرا دەروێش و جێگرەکەی لێمان شوێش شاد بێت، دڵنیابا ئێوەن ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی ئەم وڵاتە بۆ هەمیشە لە فکرو ڕۆحی ئەم گەلەدا ژیان دەکەن."

 

گەلاوێژ حەمزی سالم، چالاکوانی دەڤەری بادینان و کچی پێشمەرگە نووسیویەتی کە شەهیدان نامرن و ئاماژە بە بەرخۆدانی ژنان دەدات: " شەهید نامرن، یوسرا دەروێش هاوسەروکا کانتونا قامشلو ل روژئاڤایێ کوردستانێ دهێرشا فروکەێن تورکیا دا هات شەهیدكرن جیاوازی، یا بەرپرسێن باشورێ كوردستانێ و روژئاڤائێ كوردستانێ د ڤێ چەندێ دایە ئەو ب جانێ خوەڤە دبنە قوربان و یێت مە ژی كورێن فەقیر و ژارا ل بەرپێن خوە دكین قوربان."

 

ڕێزان هەردی، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕان هاوسۆزی خۆی بە نووسینێک دەردەبڕێت:

"ڕێحان گیان چۆن دڵت هات بەجێمان بهێڵێت، هاوڕێ گیان؟ چۆن دەستی چەپەڵ و ترسنۆک چووە گیانی تۆی ئازیز؟

بۆ مەرگت زۆر دڵگرانم، تۆ نەمر و سەربەرزی ڕێحان گیان، دوژمنانی تۆش ڕوو ڕەشن، هەرگیز لەبیرت ناکەم ئازیزی من شەهید ڕێحان، جێگەت بەهەشت و سەرت بەرزە، ڕۆحی پاکی تۆ و گشت شەهیدان ئارام و ئاسوودە بێت."

 

لە بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنانی شۆڕشگێڕ دەکرێنە ئامانج کە ساڵانێکە لە پێناو ئازادی ژنان تێکۆشان دەکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی ئازادی و یەکسانی دەدەن، لە بەرامبەر شەهیدکردنی ژنانی شۆڕشگێردا، لە هەر چوار پارچەی کوردستان ژنان بەڵێنی بەردەوامی بە خەبات و تێکۆشانیان دەدەن.