هەنگوین چ کاریگەریەکی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە؟

چەندین مادەی خۆراکی تەندروست لە هەنگوین، چارەسەرێکی کاریگەرە لە دژی هەوکردن، ڤایرۆس و بەکتریاکانی جەستە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەنگوین بەرهەمێکی سروشتییە، پێکهاتەی خۆراکی بەسوود، تەندروست و هەمەچەشن لە خۆدەگرێت کە بەندە بە شوێنی ڕووەکەکان یان ئەو ناوچە جوگرافیایەی لێی بەرهەمدەهێندرێت.

 

هەنگوین بە پلەی یەکەم لە شەکری جۆراوجۆر بە ڕێژەی "٪٨٠ بۆ ٪٨٥" ، پرۆتین بە ڕێژەی "٪٠.١٠ بۆ ٪٠.٤٠"  و ئاو بە ڕێژەی " ٪١٥ بۆ ٪١٧" پێکهاتووە، هەروەها لە ترشە ئۆرگانییەکان، ئەنزیمەکان، کانزاکان، پێکهاتە فینۆلیکەکان و ڤیتامینەکان پێکدێت، هەموویان بەشدارییەکی بەرچاویان لە تایبەتمەندییە سوودبەخشەکانی هەیە.

 

خواردنی هەنگوین پەیوەندی بە کاریگەریە سوودبەخشەکانی هەیە، وەک دژی هەوکردن، دژە ئۆکسێنەر، دژە ڤایرۆس و دژە بەکتریا، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ناوبانگی ئەم پێکهاتە خۆراکییە لە چارەسەری پزیشکی.

 

بەگشتی، لە ئەنجامی ٤٨ تاقیکردنەوەی کلینیکی، لەنێویاندا ٣ هەزار و ٦٥٥  کەس کە تێکڕای تەمەنیان ٣٠ ساڵە بەشدارییان کردووە، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٥ تا ٢٠٢٢ بڵاوکراونەتەوە.

 

توێژینەوەکان، دەرەنجامەکانی بەکارهێنانی هەنگوینی سرووشتییان دەرخستووە کە لەگەڵ ماددەی دیکە تێکەڵ نەکراون یاخود شەکریان بۆ زیاد نەکراوە، بۆ چارەسەری چەندین نەخۆشی وەک شێرپەنجە، دڵ و خوێنبەرەکان سوودی لێدەبیندرێت، هەروەها دژە میکرۆب، ڤایرۆس و ئۆکسێنەرەکانە و سیستمی بەرگری بەهێز دەکات.

 

ژنان بە ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکاندا تێدەپەڕن، ئەمەش لە ئەنجامی ناهاوسەنگی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن، کە لە ماوەیەکی درێژخایەن کاریگەری لەسەر منداڵبوون دەبێت، خواردنی هەنگوین ڕۆژانە یارمەتیدەرە بۆ هاوسەنگکردنی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن،کەمکردنەوەی هەوکردنی ئەندامی زاوزێ و  گرژییە دەروونییەکان کەمدەکاتەوە.