گەشەی دانیشتووان بۆ ساڵی ٢١٠٠ پێشبینیکرا

گەشەی دانیشتووان بەردەوام لە زیادبووندایە، لە ساڵی ١٩٥٥ بۆ ٢٠٢٢ هەشت هێندە زیادی کردووە، پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی ٢١٠٠ بگاتە زیاتر لە ١٠ ملیار کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١١ تەمموزی وەک ڕۆژی جیهانی دانیشتووان ناساندووە، لەم ڕۆژەا سەرنج و پرسە گرنگەکانی تایبەت بە گەشەی دانیشتووان تاوتوێ دەکرێت.

 

بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ژمارەی دانیشتوانی جیهان گەیشتە هەشت ملیار کەس، مانگی نیسانی ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی هیندستان چینی تێپەڕاند و بووە پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیهان، سەرەتای ئەمساڵ کۆریای باشوور ژمارەی پێوانەیی بۆ کەمترین ڕێژەی منداڵبوون لە جیهاندا شکاند، وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری ئاسیا لەوانە یابان و چین کەمترین ڕێژەی لەدایکبوونیان تۆمارکرد.

 

لە ساڵی ١٩٥٥دا ٢.٨ ملیار مرۆڤ لەسەر زەوی هەبووە، ئەمڕۆ ئەوە تەنها ژمارەی دانیشتوانی هیندستان و چینە، ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٨ ملیار کەس زیادی کردووە کە ٪٤٩.٧ ژنن، تا ساڵی ٢٠٥٠ جیهان دەگاتە نزیکەی ٩.٧ ملیار کەس.

 

پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٥٠ لە دوای هیندستان و چین، نەیجیریا ببێتە سێیەم وڵاتی پڕ دانیشتوو لە جیهان، لە دوای ئەویش ئەمریکا، پاکستان، ئەندەنوسیا، بەرازیل، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، ئەسیوپیا و بەنگلادیش.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ١٣٤ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهان لەدایک بوون، واتە بە تێکڕا ڕۆژانە ٣٦٧ هەزار منداڵی تازە لەدایکبووە، هەروەها ژمارەی گیانلەدەستدان لە جیهاندا وردە وردە زیادی کردووە لە کەمتر لە ٥٠ ملیۆن کەسەوە پێش ساڵانی نەوەدەکان بۆ ٥٨ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٩دا.

 

 لە سەردەمی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩دا، مردن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٣ ملیۆن و لە ساڵی ٢٠٢١دا ٦٩ ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا نزیکەی ٦٧ ملیۆن حاڵەتی مردن تۆمارکراوە.


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢١٠٠ ژمارەی دانیشتووانی جیهان ١٠ ملیار کەس تێبپەڕێنێت.