گردبوونەوەیەک دژی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا

 دژی گۆشەگیریەکان بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ڕێکخست.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە دژی گۆشەگیریەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵ ئۆجالان و ڕەوشی لە زیندانی ئیمراڵی ئەنجامدا.

 

لە گردبونەوەکەدا بە ئامادەبوونی ژنان، چالاکوانان، ئازادیخوازان و وڵاتپارێزان، بە یەک دەنگ داوای هەڵوێست وەرگرتن بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کرا.

 

شاڵاو مەحموود، ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان، بەیاننامەی کۆمیتەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتووە، "باشووری کوردستان هەمیشە تووشی دەستێوەردانی دەرەکی بووە، لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە و هەوڵی قڕکردن و لەناوبردنی و سڕینەوەی ناسنامەی دراوە، دەوڵەتی تورکیاش سیستەمی لەناوبردن و کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد بەکاردەهێنێت، ئەمەش بە ئاشکرا لەو ڕەفتارە دژی ڕێبەرەکەمان دەکرێت دەیبینین، ئەو سیاسەتەی لە زیندانی ئیمراڵی بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد دەکرێت بەرامبەر تاکە کەسێک نیە بەڵکو بەرامبەر هەموو گەلی کوردە."

 

 لە بەشێکی دیکەی بەیاننەمەکەدا هاتووە، " بێدەنگبوونی دەوڵەتە زلهێزەکان لەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد دەکرێت گۆشەگیریەکانی توندتر دەکاتەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، سێ ساڵە ڕێگا بە سەردانیکردنی نادرێت لەلایەن خانەوادە و پارێزەرەکەی، هەروەها ئەشکەنجەی دەروونی و جەستی دەدرێت و لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک نووسین بێبەشکراوە."

 

لە کۆتای بەیاننامەکەشدا کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان جەختی لەوە کردەوە، "لە بەرامبەر دەوڵەتێکی داگیرکەر و جیهانێکی بێ هەڵوێست دەبێت بەردەوامبین لە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان و بەڵێن دەدەین و بەردەوامدەبین لە خەباتکردن بۆ ئازدی فیزیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان."

 

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە پلانێکی نێودەوڵەتیدا لە ١٥ شوباتی ساڵی ١٩٩٩ برایە تورکیا و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمڕاڵی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە گۆشەگیرییەکی سەخت دایە، ماوەی ٢٨ مانگیشە دیداری لەلایەن خێزان و پارێزەرەکەیەوە لێ قەدەغەکراوە، ئەمەش پێشلکردنی هەموو ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە.