زیاتر لە ٦٠ هێکتار زەوی سەردەشت ئاگری گرت

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەلاین ماتۆڕسوارە دەمامکدارەکانەوە، لە چەند ناوچەیەکی شاری سەردەشت زیاتر لە ٦٠ هێکتار لە دارستان و زەوییەکان ئاگریان تێبەردرا.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- دوێنێ دووشەممە، زیاتر لە ٤ شوێنی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگرێکی بە ئەنقەست لەلایەن کەسانی دەمامکدارەوە کراوەتەوە، کە بووە هۆی سووتانی زیاتر لە ٦٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەی نزیک گوندەکانی "گۆرگ ئاوی"، "دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ شاری ڕەبەت"، "باسک دۆ" و نزیک گوندی "بیزەلیە"، ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە هەوڵی هێزەکانی گەل و چالاکوانانی ژینگەپارێز و ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵ کران.

 

یەکەمین ئاگر لە نزیک گوندی "گورک ئاوی" دەستی پێکرد، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەم ڕووداوە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵەکەمان ڕایگەیاند: "ئاگرەکە لەلایەن دوو ماتۆڕسوارێکی دەمامکدارەوە کراوەتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥٠ هێکتار زەوی کشتوکاڵی و دارستان و لەوەڕگە و باخچەکان سووتان، ئەگەر هێزە گشتییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزی و بەشی ئاگرکوژێنەوە هاوکارییان نەکردایە، کۆنترۆڵ نەدەکرا و ئاگرەکەش بەردەوام دەبوو، ئاگرەکە پێش ئەوەی بگاتە بەشی سەرەکی دارستانەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام هێشتا زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە".

 

ئاگری دووەم لە نزیک بنکەی پۆلیسی سەردەشت، نزیک قاوەخانەی "خاڵ ئاباد" دەستیپێکردووە و ٥ هێکتار دارستانی بەڕوو سووتاوە.

 

ئاگری سێهەم لە نزیک گوندی "بیزەلیە" و ئاگری چوارەمیش لە نێوان شارۆچکەی پیشەسازی سەردەشت و شاری ڕەبەت بووە کە لەلایەن چالاکوانان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنترۆڵ کراوە.

 

سارا " ناوی خوازراو" یەکێکە لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی، وتی: "ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە هیچ شێوەیەک بەڕێکەوت نەبوون و خەڵکی ناوچەکە و شایەتحاڵەکانیش باسیان لەوە کردووە کە ئاگرەکان لەلایەن کەسانی دەمامکدارەوە کراوەتەوە، ئەو کەسانە کە پێیان دەوترێت"جاش" یان کادری ئیدارەی ئەمنی و نیزامی ڕژێمی ئێرانن ئەرکیان لە ناوبردنی دارستانەکانە."

 

هەروەها سارا ئاماژەی بەوەکردووە: " چوار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە شاری سەردەشت لە یەک کاتدا ڕوویانداوە و بەهۆی دوو ماتۆڕسوارەوە بووە، هەروەها کاتی ئاگرکەوتنەوەکە بە شێوەیەکی تەواو لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە پلانی بۆ دانراوە، چونکە بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی، ئەگەری زۆرە ئەم هەفتەیە گەرمترین هەفتەی ساڵ بێت، هەروەها،ئاگرکەوتنەوەکان لە کاتژمێرەکانی پاشنیوەڕۆدا ڕوودەدەن، ڕۆژێکی تر کە ئاگرەکە کەوتەوە بایەکی بەهێز هەبووە کە یارمەتی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکەی داوە."

 

شاری سەردەشت لە ڕۆژهەلاتی کوردستان زیاتر لە ٩٠ هەزار هێکتار دارستان لەخۆدەگرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لەو دارستانانە بە هۆی کردەوەی قازانجخوازان و کەسانی سەر بە ڕژێمی ئێران و مانۆڕی سەربازی وێران بوون.