دووەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئایین و بیروباوەڕی میزۆپۆتامیا دەستیپێکرد

ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە دووهەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئایین و بیروباوەڕی میزۆپۆتامیادا کردووە، دووپاتیان کردەوە کە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک داوای ئاشتی ناوخۆیی لە نێوان ئایین، نەتەوە و گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- یەکەمین کۆنگرەی ئایین و بیروباوەڕەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ بە دروشمی "پێکەوە با پەیامی ئاشتی بڵاو بکەینەوە" بەڕێوەچوو.

 

ئەمڕۆ دووهەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئایین و بیروباوەڕەکان لە شاری حەسەکە، لەلایەن کۆمەڵەی ئایین و بیروباوەڕی میزۆپۆتامیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو لە ژێر دروشمی "بە خوشک و برایەتی ئایینەکان بەهاکانی مرۆڤایەتی بەرز دەکەینەوە"، کۆنگرەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

زیاتر لە ٣٠٠ کەسایەتی ئایینی موسڵمان، ئێزدی، مەسیحی، زەردەشتی لەگەڵ سەرجەم مەزهەبەکانیان، توێژەر و ئەکادیمیستەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، حەلەب، دیمەشق، باشووری کوردستان، نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر، تەڤ-دەم، پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد.

 

جگە لەوەش دەیان کەس لە کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانەوە لە ڕێگەی زووم و پەیامی ڤیدیۆییەوە بەشداری دەکەن، لە کۆنگرەکەدا سەرنجەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەبارەی ئایین و بیروباوەڕ و نامەکەی کەجەکە خوێندرایەوە.

 

کۆنگرە لە ٤ دانیشتن پێکدێت، لە دوو ڕۆژدا بابەتەکانی وەک خوشک و برایەتی، ڕۆڵی ژنان لە بەهێزکردنی ژیانی هاوبەش، ڕۆڵی سیاسەت و پەیوەندیکردن لە بەئاگاهێنانەوەی ئایینەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە، هەروەها جێبەجێکردنی ژیانی هاوبەش تاوتوێ دەکرێن.

 

"پێویستی بە خەبات هەیە دژی کولتوری کۆیلایەتی و جینۆساید"

وتەبێژی یەکیەتیی ژنانی ئێزدی، سەعد حیسۆ، دووپاتی کردەوە کە پێویستی بە خەباتێک هەیە لە دژی کولتوری کۆیلایەتی و ستەمکاری کە ئەمڕۆ لەسەر ژنان جێبەجێدەکرێت و وتی: " لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ گەلی ئێزدی بەتایبەت ژنانی ئێزدی بە چەندین فەرماندا تێپەڕیون، دوا فەرمانی چەتەکانی داعش بوو کە هێرشیان کردە سەر هەزاران ژن و منداڵ و ڕفاندیانن، ئامانجیان لەناوبردن و قڕکردنی گەلی ئێزدی بوو، بەڵام با بزانین منداڵی ئەو ژنە ئێزیدیانەی ڕزگار بوون لە ئایینی جیاواز نین، شەڕڤانی یەپەژە/یەپەگەن، چونکە ئەم هێزە لەسەر بنەمای فەلسەفەیەکی ئازاد و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات دامەزراوە، پارێزگاری لە ژنان و کۆمەڵگەی ئێزدی دەکات، ئەمانە سیاسەتی دەوڵەتانی دەسەڵاتدارن، هەمیشە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئایین و بیروباوەڕەوە بەرژەوەندییەکانیان بەدیبهێنن، لە بەرامبەر ئەو هێڵەدا، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات یەکگرتوویی گەلان و یەکتر قبوڵکردن و ئاشتی و مافی ژنانی خستەڕوو، ئەم پڕۆژەیە ئایین و زمان و فەرهەنگ و مێژووی گەل دەپارێزێت، لەبەرامبەر سیاسەتی جینۆسایددا، خەبات و بەرخۆدانی گەورە پێویستە و ئەمەش لەبەردەم ژنانی کورددایە."

 

"پڕۆژەی نیشتیمانی دیموکراتی هەموو گروپەکان لە گۆشەگیری و جینۆساید دەپارێزێت"

هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی سوریا مادلێن خامیس پیرۆزبایی دووهەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی ئایینەکان و بیروباوەڕەکانی کرد و وتی: "ئەمڕۆ دەبینین هەموو نەتەوەیەک بە ئایین و کولتوور و زمان و باوەڕەکەیەوە لە کۆنگرەدا ئامادەیە، ئەمە هەنگاوێکی سەرکەوتووە، پرۆژەی نەتەوەی دیموکرات هەموو خەڵکی ناوچەکە لە ستەم دەپارێزێت، ئێمە وەک ژنانی سووریا هەموو ژنان لە هەموو ئایینەکانەوە یەکدەخەین بۆ بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی."

 

"خۆبەڕێوەبەری خۆشەویستی و یەکڕیزی نێوان پێکهاتە ناوچەییەکانی دروستکردووە"

جەمیلە کاکۆ، نوێنەری حزبی ئاشووری سووریا، ڕایگەیاند کە خۆبەڕێوەبەری خۆشەویستی و یەکڕیزی نێوان ناوچەکانی دامەزراندووە و وتی: "لە هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر تل تەمیر، هەموو گەلان بە هەموو ئایینەکانەوە یەکگرتوو بوون و بەرگرییان لە خاکی خۆیان کرد، شەڕڤانانی ئایینی مەسیحی، موسڵمان و ئەرمەنی لە بەرەکانی پێشەوە شەهید بوون، ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو دەسەڵاتە دەسەڵاتدارەکان کە گەل خۆی ڕێکخستووە و یەکڕیزیی خۆی لە هەموو لایەکەوە بنیات ناوە و لە بەرامبەر هەڕەشە و هێرشەکاندا خەباتی خۆی بەرز دەکاتەوە."

 

"مەبەست لە کۆنگرەکە یەکترناسین، قبوڵکردن و پێکەوە ژیانە"

هودا شێخموس، نوێنەری گەلی زەردەشتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند کە مەبەست لە بەستنی کۆنگرەی ئایینەکان و بیروباوەڕەکان بەرقەرارکردنی ئاشتی و خۆشەویستی و قبوڵکردنی یەکترە، " لە ڕێگای ئەم کۆنگرەیە، نەریتی یەکتر دەناسین دروست دەکەین، چونکە لەسەر هێڵێک دەڕۆین، هێڵی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات بۆ ئەوەی بە ڕێزەوە لە یەکتر نزیک ببینەوە و یەکتر لە هێرش و گۆشەگیری بپارێزین، با لە ڕێگەی کۆنگرەوە بزانین کە یەک سیاسەت لەسەر ئێمە جێبەجێ دەکرێت، ئەویش سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و ئایین و زمان و کولتوورە، ئێمە دەمانەوێت هەموو جارێک کۆنگرە ببەسترێت بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵگایەکی ڕاستەقینە و یەکسان بنیات بنێین."

 

"ژن لە هەموو ئایینێکدا بە پیرۆز دادەنرێت"

ئیلیا موسا، ئەندامی کۆنگرەی ئایین و بیروباوەڕی میزۆپۆتامیا، سەرنجی بۆ ڕۆڵی ژنان لە ئیسلامی دیموکراسیدا ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ژن لە ئیسلامدا بە پیرۆز دادەنرێت، ژن لە هەموو ئایینێکدا بە پیرۆز دادەنرێت و مافی هەیە، بەڵام لە زۆر شوێن سروشتی ئایینەکان بە گوێرەی دەسەڵات گۆڕاوە و شێواوە، بۆ نمونە دەڵێن ژنان کەمتر زیرەکە، بەڵام ئەمە لە ئیسلامدا وا نییە، ژن دایکە و دایکایەتیەکەی ئەوە دەردەخات کە زانایانە منداڵەکانی پەروەردە دەکات، ئەمڕۆ باشترین وەڵام بۆ ژنان بۆ پاراستنی کۆمەڵگە یەپەژەیە، کە ژنان ئیرادە و خۆڕاگرییەکی گەورەیان هەیە."

 

ئیلیا موسا بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: " من ئەم کۆنگرەیە وەک گوڵەباخێک دەبینم کە بە گوڵ بە ڕەنگی جیاواز ڕازاوەتەوە کە دەیانەوێت جوانی بە شار و هەرێمەکەیان ببەخشن، ئایینی ئیسلام ڕووبەڕووی چەندین شەڕ بووەتەوە و دەوترێت ئایینێکی داخراوە، بۆیە هەوڵدەدەین ڕاستی ئایینەکە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەین، هەروەها لەبەر ئەوەی باوەڕمان بە ئیسلامی دیموکراسی هەیە، تووشی هێرشی زۆر دەبین."

 

کۆنگرەکە بەردەوامە.