بەرزترین پلەی گەرما لە جیهان تۆمارکرا

مانگی تەمموز بەرزترین پلەی گەرما لە جیهان تۆمارکرا و ئاستی پێوانەیی شکاند، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی ئایندە پلەکانی گەرما زیاتر ببێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٣ تەمموز تێکڕای پلەی گەرمی جیهان گەیشتە بەرزترین ئاست و بۆ یەکەمجار ١٧ پلەی سەدی بەرزبووەوە، زانایان دەڵێن خوێندنەوەکە بەرزترین بووە، بەپێی تۆمارەکانی بەرزترین پلەی گەرما کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم.

 

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما چەندین هۆکاری هەیە، وەک دیاردەی ئەل نینۆ و بەردەوامی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، توێژەران پێیان وایە لە چەند مانگی داهاتوودا تۆماری گەرما زیاتر دەبێت لەگەڵ بەهێزبوونی ئەل نینۆ.

 

دیاردەی ئێل نینۆ، دیاردەیەکی کەشوهەووا و سروشتییە، بریتییە لە گواستنەوەی قەبارەیەکی گەورەی ئاوی گەرم لە زەریای هێمنی کەمەرەیی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، دەبێتە هۆی ڕوودانی گۆڕانکاری لە کەشوهەوای گۆی زەوی، وەک زیادبوونی وشکای، لافاو و لەناوچوونی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە توێژەرانی زانستی نیگەرانییەکانیان زیادیکردووە، لە بەرزبوونەوەی خێرای پلەکانی گەرما لەسەر زەوی و دەریا، گەرمای تۆمارکراو لە ئیسپانیا و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیادا شەپۆلی گەرمای دەریایی بەدوای خۆیدا هێنا کە پێشتر بەو شێوازە نەبووە.

 

لەم هەفتەیەدا چین شەپۆلێکی گەرمی بەردەوامی ئەزموون کردووە و پلەکانی گەرما لە هەندێک شوێن لە سەرووی ٣٥ پلەی سەدیەوە بووە، لە کاتێکدا باشووری ئەمریکا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی خنکێنەر تیایدا بەرزبووەتەوە.

 

بەپێی ناوەندی نیشتمانی ئەمریکا بۆ پێشبینی ژینگەیی، تێکڕای پلەی گەرمی جیهانی لە ٣ی تەمموزدا گەیشتە ١٧.٠١ پلەی سەدی، ئەمەش ژمارەی پێوانەیی پێشووی شکاند کە ١٦.٩٢ پلەی سەدی بوو لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٦.

 

لیۆن سیمۆنس، توێژەری کەشوهەوا دەڵێت: "تێکڕای پلەی گەرمی هەوای سەرزەوی جیهانی بۆ یەکەمجارە دەگاتە ١٧ پلەی سەدی لەو کاتەوەی تۆماری متمانەپێکراومان لەبەردەستدایە، ئەمەش نیشانەیەکی بەرچاوە بۆ بەرزبوونەوەکانی پلەی گەرما، ئێستا کە قۆناغی گەرمتری ئەل نینۆ دەستی پێکردووە دەتوانین چاوەڕوانی شکاندنی ژمارەیەکی پێوانەیی زیاتری پلەکانی گەرما بکەین لە ماوەی ساڵ و نیوێکی داهاتوودا."

 

پلەکانی گەرمای پێوانەیی ڕۆژی دووشەممە لە کاتێکدایە کە مانگی حوزەیرانیش وەک گەرمترین مانگ لە ڕیکۆردی جیهانیدا پشتڕاستکرایەوە، تێکڕای پلەکانی گەرمای جیهان ١.٤٦ پلەی سەدی لە سەرووی تێکڕای پلەی گەرمی لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٥٠ بۆ ١٩٠٠ بووە.

 

کارستن هاوشتاین، لە زانکۆی لایپزیگ دەڵێت: "ئەگەری ئەوە هەیە کە مانگی تەمموز گەرمترین مانگ بێت تا ئێستا."