تۆڕی کۆمەڵایەتی دەبێت منداڵان لە ناوەڕۆکی مەترسیدار بپارێزێت

پلاتفۆرمی "تیک تۆک" بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی گەنج و بە دوور بوون لە زیانەکانی داوای لێکراوە کە قەدەغەی ناوەڕۆکی مەترسیدار و توندوتیژ بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی چاودێری پەیوەندییەکان ئۆفکۆم کە ڕێنمایی بۆ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بەرهەمدەهێنێت، بەپێی گۆڕانکارییەکانی پڕۆژە یاسای سەلامەتی ئۆنلاین، فەرمان بە کۆمپانیاکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەکات کە منداڵان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاری مەترسیدار و ناوەڕۆکی توندوتیژ بپارێزن.

 

یاساکە بە ڕوونی ئاماژە بەو ناوەڕۆکە دەکات کە پێویستە منداڵای خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بپارێزرێن لە "هاندان و ڕێنمایدان بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییەک کە ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی دەرەنجامێکی توندوتیژ و زیانمەند بۆخۆی و کەسانی چواردەوری".

 

تیک تۆک ڕەخنەی زۆری لێگیراوە بەهۆی ناوەڕۆکێکەوە کە هانی بەکارهێنەرانی دەدات چالاکی مەترسیدار ئەنجام بدەن، کە هانی بەکارهێنەرانی دەدات خۆیان بخنکێنن تاوەکو بێهۆش دەبن، هەروەها سەربکەونە سەر کۆگاکانی سندوقی شیری ناجێگیر کە ڕەنگە لە هەردۆخێکدا ببێتە هۆی زیانی تەندروستی و گیان لەدەستدانیان.

 

ئێستا تیک تۆک ئەم جۆرە هاندانانەی قەدەغەکردووە کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەنجامدانی چالاکی توندوتیژ و زیانگەیاندن بە کەسانی دەوروبەریان.

 

پڕۆژە یاساکە داوا لە کۆمپانیاکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەکات کە بە شێوەیەکی چالاکانە ڕێگری لە منداڵان بکەن لە بینینی زۆرترین فۆرمەکانی ناوەڕۆکی مەترسیدار، وەکو ناوەڕۆی هاندانی خودکوژی و زیانگەیاندن بە خۆیان، هەروەها داوا لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کراوە تەمەنی بەکارهێنەران ڕەچاوبکەن لە نیشاندانی ئەو ناوەڕۆکانەی کە مەترسیدارن.

 

لە گۆڕانکارییەکی دیکە کە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ببێتە یاسا، پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی دەبێت ڕێوشوێنی توندتر بۆ پشکنینی تەمەن بخەنە ڕوو بۆ ڕێگریکردن لە دەستگەیشتن بە منداڵان بۆ ناوەڕۆک و سایتی "پۆرنۆگرافی".

 

هەموارکردنەکانی دیکە بریتین لە داواکردن لە ڕێکخراوی چاودێری پەیوەندییەکانی ئۆفکۆم کە ڕێنمایی بۆ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان بەرهەمبهێنێت سەبارەت بە پاراستنی ژنان بە شێوەی ئۆنلاین، کۆمپانیای ئۆفکۆم سەرپەرشتی جێبەجێکردنی یاساکە دەکات کاتێک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ئامانجی پاراستنی ژنان لە هەراسانکردن و توندوتیژی کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.

 

کاتێک یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە پێشێلکارییەکان سزای سەرپێچیکردنی ١٨ ملیۆن پاوەند یان تا ١٠٪ی داهاتی جیهانی دەبێت، لە توندترین حاڵەتەکاندا ئۆفکۆم دەتوانێت پلاتفۆرمەکان بلۆک بکات.