دوو ئارایشتگای ژنان لە ئیسلامشار بەهۆی "دژایەتی حیجابی زۆرەملێ" مۆرکران

دوو یەکەی بازرگانی "ئارایشتگای ژنان" بە فەرمانی دەسەڵاتی یاسایی مۆر کران بەهۆی ئەوەی ڕژێمی ئێران بە "چالاکی تاوانکاری لە سۆشیال میدیا" ی دەزانێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ دووشەمە، لە درێژەی مۆرکردنی شوێن و سەندیکا جۆراوجۆرەکانی ئێران، فەرماندەی پۆلیسی شاری ئیسلامشار مۆرکردنی دوو ئارایشتگای ژنانی بە هۆی چالاکییە تاوانکارییەکانی وەک ڕەچاونەکردنی داب و نەریتی ئیسلامی و حیجابی زۆرەملێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستاگرام، تێلێگرام و واتسئەپ ڕاگەیاند.

 

دوێنێ ئەم فەرماندەی پۆلیسە جێبەجێکردنی "پلانی چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی" ڕاگەیاند و وتی: "ژمارەیەک سەندیکای کرێکاری و ئارایشتگای ژنان و جلوبەرگی ژنان چاودێری کراون، لە کۆتاییدا دوو سەندیکای کرێکاری هەبوون کە لە پەیجی ئینستاگرام و تێلێگرام و واتسئەپەکانیان چالاکیی تاوانکارییان ئەنجامدابوو، بە فەرمانی دەسەڵاتی یاسایی مۆر و وێنەی تاوانکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم دوو سەندیکایە لابرد."

 

بە وتەی محەممەدڕەزا عەلیزادە، فەرماندەی هێزی پۆلیس، دوای هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی قەزایی، حەوت سەندیکای دیکەی کرێکاری لەم شارە بانگهێشتی بنکەی پۆلیسی ئیتلاعات و ئاسایش کران، بۆ دواجاریش بەڵێننامەیەکیان لێ وەرگرت لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی "داب و نەریتی ئیسلامی" و ئەو وێنانەی لە لاپەڕەکانی کاری شوێنەکان بڵاوکراونەتەوە لابراون.