لە تانزانیا ژنان هەنگوین بەرهەم دەهێنن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان

 لە باکووری تانزانیا، کۆمەڵێک ژنی ماسایی دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی هەنگوین بۆ دڵنیابوون لە داهاتووی منداڵەکانیان و پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی بەردەوام فشاری ئابووری و کشتوکاڵی لەچەندین ناوچەی جیهان درووستبووە، ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن لە باکووری تانزانیا، کۆمەڵێک ژنی ماسایی دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی هەنگوین بۆ بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر، دڵنیابوون لە داهاتووی منداڵەکانیان و پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان.

 

ژنانی ناوچەکە سودیان لە هەنگەوانی وەرگرتووە بۆئەوەی بتوانن داهاتێک بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بەدەستبهێنن، یەکێک لە ژنە هەنگەوانەکانی ناوچەکە بە پێنج شانە و ئامێر دەستی پێکرد، بەڵام ئەمڕۆ کارەکەی گەشەی کردووە و ئێستا لەگەڵ ژنەکانی دیکەدا ٧٦ شانەیان هەیە لەسەر پارچە زەوییەکی کۆمەڵایەتی لە شارۆچکەی مۆندولی لە ناوچەی ئاروشا.

 

ئەوان لە تۆڕێکی چەتری جووتیارانی بچووک و جووتیاران و شوانکارانەوە ڕاهێنان وەردەگرن، کە لەلایەن دامەزراوەی دارستان و کێڵگەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن، کە هاوبەشی نێوان ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت، هەروەها پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ ژینگە و گەشەپێدانە بەڕێوەدەبرێت.

 

دەیان ساڵە وشکەساڵی دووبارەبووەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دیمەنی سروشتی تێکداوە و لەوەڕگەی بەردەست بۆ ئاژەڵداری کەمکردووەتەوە، ناساندنی هەنگ یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکان بۆ دووبارە ژیانەوەی ناوچەکە، لە ڕاهێنانەکانیاندا ژنانی ناوچەکە  فێربوون کە گرنگیدان بە ڕووەکەکان توخمێکی گرنگە لە چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی هەنگەکانیان.

 

هەروەها هەنگەوانە نوێیەکان ڕاهێنانیان لەسەر چۆنیەتی بوون بە بازرگانی زیرەک و بەرهەمهێنان و ناونانی و براندکردنی بەرهەمەکانی خۆیان وەرگرتووە، بۆئەوەی بەهایان زۆرترین بێت و بتوانن کڕیار بەدەستبخەن، سەرتا ژنە هەنگەوانەکان پێیان وابووە تەنها لە یەک وەرزدا هەنگوین بەرهەم دەهێنن و دەیفرۆشن بەڵام ئێستا بە درێژایی ساڵ دەتوانن بازرگانی بکەن لە ڕێگەی زیادکردنی بەهاوە بەشداری لە بازرگانییەکانی تری بەرهەمی هەنگوین دەکەن، هەروەها فێری پەیوەندی درووستکردن بوون لەگەڵ هەنگەوانەکانی دیکە بۆ ئەوەی دەستیان بە بازاڕی نوێ بگات.

 

هەنگوین لە تانزانیا بازرگانی گەورەیە، بەڵام بە شێوەیەکی نەریتی تەنها پیاوانی ماساین پێشتر ئەو کارەیان کردووە، بەڵام ئێستا ژنانی هەنگەوان دەستیان بە بازرگانی و پەیداکردنی بژێوی ژیانیان کردووە لە ڕێگەی بەخێوکردنی هەنگەکان و فرۆشتنی هەنگوین، هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوین بووەتە هۆی ئەوەی ژنانی ناوچەکە پشت بە خۆیان ببەستن و داهاتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت.