هەوڵی ٩ توێژەر بۆ زیندووکردنەوەی میرات و گەڕاندنەوەی دەستنووسەکان

تیمێکی ژنان لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی دەستنووسە کۆنەکاندان بەو هیوایەی گرنگیدانی نێودەوڵەتییان پێبدرێت بۆ ئەوەی کتێب و بەڵگەنامەی زیاتر لە غەززە بپارێزرێت.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەزە- لە ژوورێکی بچووک، چەندین سەردەم و شارستانیەتی جیاواز لە فەلەستین بەدەست تیمێکی نۆ توێژەری ژنەوەیە، ئەوان ئەم ئەرکەیان لە ئەستۆ گرتووە بۆ گێڕانەوەی میراتی خاکەکەیان لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵێک دەستنووس و کتێبی گرنگ کە کولتوور و زانستە جیاوازەکان کۆدەکەنەوە و زیندوویان دەکەنەوە کە بەرەو لەناوچوون دەچوون.

 

حەنین العمسی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای "عیون علی التراث" و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە دەڵێت: : ساڵانێکە بەدوای کۆکردنەوەی ژمارەیەک دەستنووسدا دەگەڕێت، کە هەندێکیان لەلایەن کەسایەتی و بنەماڵە دیارەکانەوە بەخشراون و هەندێکیشیان لە خانووە کۆنەکاندا دۆزراونەتەوە."

 

ڕوونیكردەوە: "دەیان بەڵگەنامە هەیە کە زانایان لە کۆتایی سەردەمی عوسمانیدا نووسیویانە و کەس نەیبینیوە بەتایبەت ئەو دەستنووسانەی کە زانیاری زانستی بەنرخیان هەبوو لە بوارە جیاجیاکانی فەلسەفە، پەروەردە، ڕەخنە، مێژوو، جوگرافیا، ئەدەب، فەلەکناسی، سۆفیگەری، بیروباوەڕ، فیقه، وەرگێڕان و زانستەکانی تر."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩دا سەرپەرشتی پڕۆژەیەکی هاوشێوەی کردووە، کە لەلایەن بەشی دەستنووس و دێرینەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هاوکاری کۆلێژی زانستە کارپێکراوەکانی زانکۆی غەززە جێبەجێکراوە.

پاشان ئەو ستافەی ئێستا کۆدەکاتەوە کە لە ژنانی گەنج لە بەشە ئەکادیمییە جیاوازەکان پێکدێت، بە پەرۆشەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەم بڕوانامە و بەڵگەنامانە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بە دیجیتاڵی بکرێن بۆ ئەوەی توێژەران بە ئاسانی دەستیان پێ بگات.

 

حەنین العمسی هیوادارە ئەو دەستنووسە دێرینانەی کە مافی فەلەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان و خاوەندارێتییان دەسەلمێنن، گرنگی نێودەوڵەتییان پێبدرێت بۆ ئەوەی کارەکە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر ئەنجام بدرێت و کتێب و بەڵگەنامەی زیاتر بپارێزرێت.