لە ئیدلب ژنان بە کشتوکاڵکردن بژێوی ژیانیان دابین دەکەن

ژنانی ئیدلب کە لەژێر هەموو جۆرە هێرشێکدا دەژین، لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکانیان دابینبکەن.

لینا خەتیب

 

ئیدلیب- لە ئیدلب لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و حەیەت تەحریر ئەلشام، ئەو ژنانەی کە لە زۆر ڕووەوە لە ژێر فشاردان، بە کشتوکاڵ بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، هاوشانی کشتوکاڵ، ژمارەی ژنانی کرێکار لە ئیدلب لە کەرتە جیاجیاکاندا ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی زۆرینەیان لە شەڕدا هاوژین و خێزانەکانیان لەدەستدا، ئێستا لە هەوڵی دۆزینەوەی کار و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دارایی خۆیان و دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیانن.

 

ژنان لەژێر فشاری پیاواندان

غەدە سەللوم تەمەنی ٤٠ ساڵە و خەڵکی شاری حەریمە لە باکووری ئیدلب، کێڵگەیەکی بەکرێ گرتووە و بە هاوکاری خوشکەکەی خەریکی چاندنە، وتی: "کاری کشتوکاڵی تاکە دەرفەتی کارە بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ڕابردوو شارەکەی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆر خەڵک بوونە پەنابەر، لە ئەنجامدا زۆرێک لە پڕۆژە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان وەستان، بۆیە هیچ شتێک لەبەردەمماندا نەماوە جگە لە کشتوکاڵ، کە پیشەیەکە نەک تەنها ژنان بەڵکو پیاوانیش کاری تێدا دەکەن، دوای ئەوەی باوکم کۆچی دوایی کرد و براکەم چووە دەرەوەی وڵات، پێویستمان بە داهات بوو، بۆ بەڕێوەبردنی ماڵەکە دەستمان بە کشتوکاڵ کرد، کە هەندێک شارەزاییمان تێدا هەبوو، لە منداڵیدا کشتوکاڵمان دەکرد، من پارچە زەوییەک کە ڕووبەرەکەی ٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە لە نزیک ماڵەوە بە کرێ گرت و سەوزەی هاوینەم تێدا دەچاند، داهاتێکی باش لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەدەست دەهێنین، دوای ئەوەی تێچووی کرێی زەوی و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان دەدەین."

 

نرخی تۆو بەربەست دروست دەکات

حەلیمە نەجم، تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی شارۆچکەی حەرابنوش لە لادێی ئیدلب، لەگەڵ ژمارەیەک ژنی ئەو گەڕەکە، دوو ڕۆژ جارێک گوڵەبەڕۆژە دەچێنن و و لەگەڵ براکەیدا دەچێتە بازاڕ، باس لەوە دەکات کە چاندنی گوڵەبەڕۆژە داهاتێکی باشیان بۆ دابیندەکات، بۆیە دەیەوێت ساڵی داهاتوو پڕۆژەکەی پەرەپێبدات بۆ زیادکردنی ڕووبەرە چێنراوەکان، حەلیمە نەجم باس لەوە دەکات کە وەرزی گوڵەبەڕۆژە هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەت بۆ ژنانی پەنابەر دەڕەخسێنێت و بەم شێوەیە بەردەوامبوو لە قسەکانی:

 

"نرخی تۆو و پەین کێشەمان بۆ دروست دەکات لە دەستکەوتنی هەندێک کەرەستە و هاوشانی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنی هەرێم، بەربەستێکی گەورەیە بۆ کارەکانمان، هەروەها ئەو ژنە کرێکارانەی لەم بوارەدا کاردەکەن گلەیی لە کەشوهەوای سەخت دەکەن کە کارکردن لە ژێر خۆر و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هاوین و زستانە ساردەکاندا قورس دەکات، تەنانەت ئەو ژنانەی زەوییان نییە، لە باخچەی حەوشەی ماڵەکانیان بۆ خۆبژێوی هەندێک بەرهەم دەچێنن و کەلوپەلی زیادە بۆ پێداویستییەکانی خێزانەکە دەفرۆشن بۆ ئەوەی داهاتێک بۆ خۆیان پەیدا بکەن."

 

"ژنان پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە بۆ پڕۆژەکانیان"

فاتمە حەسون تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی کەفەر یەحمول هیچ زەوییەکی نییە، بەڵام لە ماڵەکەیدا سەوزە دەچێنێت و دەڵێت: "دڵخۆشم کاتێک ئەو بەروبوومانەی چاندومن گەشە دەکەن، ئەنجامی کارەکەم دەست دەکەوێت و سوودی سەوزە دەبینم، ئیتر لە بازاڕ نایکڕم، ژنان پێویستیان بە پاڵپشتییە بۆ پڕۆژە بچووکەکانیان بۆ ئەوەی کەرەستە و کەرەستەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت بۆ کاری کشتوکاڵی تا داهاتێکی باشیان بۆ دەستەبەر بکات و بەرهەمی باش بۆ بازاڕ دابین بکات."

 

"ژنان ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە و ئاسایشیان نییە"

ڕۆوا حەمدان کارمەندی تەندروستی کۆمەڵایەتی جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان و پێگەی ژنان لە ئیدلب دەکاتەوە و دەڵێت: "ژنانی گوندەکە کاری کشتوکاڵی دەکەن، کرێکاری وەرزین، داهاتیان بەردەوام نییە، ڕووبەڕووی گەندەڵی و نەبوونی ئاسایشی پەروەردە دەبنەوە، بۆیە پێویستە ئەوان و هەموو ئەو ژنانەی ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن دەرفەتی کارکردنیان هەبێت لە بواری کشتوکاڵدا و کاری پێویستیان بۆ دابین بکەن و پارەیان بۆ دابین بکەن تا بتوانن بەردەوام بن لە کارکردن، بەم شێوەیە دەتوانرێت ڕێگری لە هەژاری بکرێت."