ژنان لەگەڵ هونەر خەباتیان کردووە

ژنان لە سەنتەری جەمیل هۆرۆ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر لە شاری حەلەب دووپاتی دەکەنەوە کە لە ڕێگەی هونەرەوە لە دوای ئازادکردنی شێخ مەقسوود خەباتیان کردووە و بەرخۆدانیان لە بواری ڕۆشنبیریدا بەردەوامە.

سيبيلييا ئیبراهیم

 

حەلەب- لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب کە زۆربەی کوردی تێدا دەژین، کەلتوور بووەتە ناوچەیەکی بەرخۆدان لە سەردەمی شەڕی داعش و دوای ئازادکردنی ناوچەکە، بەڕێوەبەران و ئەندامانی ناوەندی جەمیل هۆرۆ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر باسیان لە گەشەسەندنی ژنان لەگەڵ شۆڕشی ژنان کرد، ئەو ژنانە ئاماژەیان بەوە کرد کە پەرەسەندنی شۆڕشی ژنانیش بوارێکی بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگ کردۆتەوە و دەڵێن "فەرهەنگ بواری بەرخۆدانە".

 

خەبات لە بواری ڕۆشنبیری لەگەڵ شۆڕشی ژنان

بەڕێوەبەری سەنتەری جەمیل هۆرۆ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر هیدایەت عوسمان دۆخی ڕۆشنبیری و هونەری پێش ساڵی ٢٠١١ هەڵسەنگاند و وتی، "پێش ساڵی ٢٠١١ واتە پێش قەیرانی سوریا، هونەر بەگشتی و هونەری کوردی بەتایبەتی شاراوە بوو، سەرهەڵدانی هونەرمەند و ڕۆشنبیری کورد تەنها لە نەورۆز و جەژنە نەتەوەییەکان بوو، بەهۆی ئەو فشارەی لەسەر کورد هەبوو، بەنهێنی گۆرانییەکانیان ئامادە دەکرد، هونەر لە هەموو پرۆسەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیدا ئامادەیە، هەمیشە لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا ئامادەیە، لە خۆشی و ماتەمینیدا، ڕۆڵی گۆرانی لە هاوئاهەنگی نەتەوەیی وڵاتاندا گرنگە، لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا هونەر نەوەستا و وەک چەک بەکارهات."

 

هیدایەت عوسمان باسی لەوەشکرد، بەدرێژایی مێژوو، ڕۆشنبیری یەکێک بووە لە بوارەکانی بەرخۆدانی کورد و وتی: " گەلی کورد لە بەرامبەر هەموو فشار و شەڕێکدا کولتووری خۆی لە مێژوو پاراستووە، لە ڕێگەی گۆرانییەوە کەلتووری خۆی بۆ نەوە جیاوازەکان گواستووەتەوە و ئەم کولتوورەش هەروایە لەلایەن کۆمەڵگاوە بەهێز مایەوە."

 

ڕۆڵی ژنان لە پاراستن و پەرەپێدانی ڕۆشنبیری

هیدایەت عوسمان سەرنجی بۆ ڕۆڵی ژنان لە پاراستن و گەشەپێدانی ڕۆشنبیریدا ڕاکێشا و درێژە بە قسەکانی دا و وتی: "پێش قەیرانی سوریا، بە هۆی نەریت و دابونەریت، فشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و بنەماڵەیی زۆر لەسەر ژنان هەبووە، ئەوان نەیاندەویست ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەشداری بکەن، بەڵام لەدوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنان ڕۆڵێکی گەورە و گرنگیان لە هەموو بوارەکاندا هەبوو، بەتایبەتی لە بواری هونەردا، لە ڕێگەی ئەکادیمیاکانەوە خۆیان پەرەیان پێدا و بەشدارییان لە هەموو بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکاندا دیار بوو، بەو شێوەیە ژنان لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی کۆمەڵگا و ئەو پیاوسالارییەی کە بەسەریاندا سەپێنرابوو، کە ڕێگرییان لێدەکرد بەشداریکردنیان، دەرچوون و ئەو هەلومەرجانەیان تێپەڕاند، ئەوان خۆیان بۆ کۆمەڵگا سەلماند، بۆیە ئێستا زۆرێک لە خێزانەکان پشتگیری کچ و هاوسەرەکانیان دەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو بواری ڕۆشنبیرییەوە."

 

"زۆرێک لە ژنە هونەرمەندان لەسەر شانۆ دەرکەوتن"

یاسەمین کۆشان بەم شێوەیە وتی: "لە ساڵی ٢٠١٣دا زۆرێک لە ژنە هونەرمەندان لەسەر شانۆ گۆرانییان وتووە، چونکە بۆچوونی کۆمەڵگا جیاواز بوو، هەوڵمدا لە ڕێگەی کەسایەتی و دەنگی خۆمەوە تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژنان بگۆڕم، کە ویستم بگەمە هەموو جیهان و ببمە هێزێک بۆ ئەوەی ژنانی بەسوود بێنە پێشەوە و بەشداری چالاکیی و بۆنە نەتەوەییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکەن."

 

لە سەختیەکانی شەڕدا درێژەیان بە کارەکانیان دا

یاسمین کۆشان بەم شێوەیە بەشداری خۆی لە چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان دەردەبڕێت و وتی: "ساڵێک دوای دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، پەیوەندیم بە ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەرەوە کرد لە شاری حەلەب، دوای چەند ڕۆژێک شەڕ لە گەڕەکی شێخ مەقسوود دەستی پێکرد و تا ساڵی ٢٠١٦ بەردەوام بوو، سەرەڕای سەختی بارودۆخی شەڕ و کەمی دەرفەتەکان بەهۆی گەمارۆدانی گەڕەکەکەمان، مەشق و ڕاهێنانەکانمان ڕانەگرت، من و گەنجێکی زۆر ڕۆژانە لە ماڵی یەکێک لە ئێمە کۆدەبووینەوە و مەشق و ڕاهێنانمان دەکرد، ئێمە ملکەچی واقیعی سەختی خۆمان نەبووین و بەردەوام بووین لە کارەکانمان بۆ پاراستنی کولتوورەکەمان."

 

لەگەڵ سەرکەوتنی ساڵی ٢٠١٦ هەنگاوی گرنگ نرا

یاسمین دۆخی شێخ مەقسود دوای ڕزگاری بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنێت: "دوای ئەوەی گەڕەکی شێخ مەقسوود لە ساڵی ٢٠١٦ ئازادکرا، خەڵک خۆیان ڕێکخست و سەرجەم دامودەزگاکان لەوێ کرانەوە، لە چالاکییەکانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە گۆرانیمان لەسەر خۆڕاگری شێخ مەقسود وتەوە بۆ ئەوەی ڕاستی هێرشی چەتەکان و بەرخۆدانی خەڵک پیشان بدەین، ژنانی شێخ مەقسود بەشداری بەرخۆدانیان کرد و لەگەڵ شەڕەڤانان دژی چەتەکان شەڕیان کرد، هەروەها لە هەموو دامودەزگاکاندا ڕۆڵیان هەبوو، ڕزگارکردنی گەڕەکی شێخ مەقسوود ڕێگەی بۆ ژنان کردەوە کە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و لە کۆنەپەرستی کۆمەڵایەتی ڕزگاریان بێت، وەک ژنانی مەیدانی ڕۆشنبیری، هەنگاوێکی نوێمان ناوە و بوونی خۆمان لە هەموو هەلومەرجێکی شەڕدا سەلماند."

 

ئەوان لە ڕێگەی مۆسیقاوە ڕاستی و بوون و مێژووی خۆیان دەگێڕنەوە\

یاسمین کۆشان لە کۆتایی قسەکانیدا بەم شێوەیە دەڵێت: "ئێمە لە ڕێگەی گۆرانییەوە دەمانەوێت جیهان بە ڕاستی کولتوور و زمان و مێژووی خۆمان بناسێنین، هیوادارم ژنانی گەنج پارێزگاری لە کولتوور و لێهاتووییەکانی خۆیان بکەن و بگەنە هەموو کۆمەڵگا و جیهان".