کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕانەوەی ١٦٦ ئاوارەی بۆ نەینەوا ڕاگەیاند

ڕۆژی ٥ شەمە ١٦٦ ئاوارە لە كامپەكانی سنوری پارێزگای هەولێر بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا، گەڕێندرانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەچوارچێوە پلانەكانی وەزارەت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، ڕۆژی ١٥ی ئایار  ١٦٦ ئاوارە كە دەكاتە ٢٩ خێزان لە كامپەكانی خازر و حەسەن شام ٢ و ٣ لە پارێزگای هەولێر گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونی ڕەسەنی خۆیان لە تەلعەفەر، حەمام عەلیل و مەحەلەبیە، گوندەكانی قوبا و شیریخان لە پارێزگای نەینەوا.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، گەڕانەوەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و حكومەتە خۆجێییەكان لە هەردوو پارێزگاكە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بووە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بەبێ كێشە بووە.

 

٣٥ کامپی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان هەن كە زۆربەیان دەكەونە سنوورەكانی پارێزگای دهۆك.