ژنان لە نەیجیریا، ژینگەکەیان لە پاشماوە پلاستیکییەکان ڕزگار دەکەن

ژنان لە کۆمەڵگە هەژارنشیینەکانی نەیجیریا لە پاراستنی ژینگە کاردەکەن، کە بەرهەمە پلاستیکییەکان کۆدەکەنەوە و پاشان دەیانگۆڕن بۆ ئەو بەرهەمانەی کە دۆستی ژینگەیە و لە ڕێگەیەوە داهاتی خێزانەکانیان دابین دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

نەیجیریا ژنان دەکاتە پێشەنگ لە بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی پلاستیک کە شارەکان، ڕێڕەوی ئاو و کۆمەڵگە گوندنشینەکانی وێرانکردووە.

 

لە نەیجیریا لەو کۆمەڵگانەی کە پاشماوەی پلاستیکی تیادا کۆدەبێتەوە، ژنان پاشماوەکان کۆدەکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونەکان بەهۆی پلاستیکەوە، ئەمەش بنیاتنانی ئابوورییەکی پلاستیکی بازنەیی بەردەوام و باشترکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی پاشماوەکانە.

 

سەرەتای ئەمساڵ، کۆمەڵێک توێژەران لە نەیجیریا کە لەلایەن حکومەتەوە لەڕێگەی هاوبەشی جیهانی کردەوەی پلاستیکیGPAP ڕاسپێردرابوون، شیکارییەکی یەکسان و گشتگیرییان بۆ پیسبوونی پلاستیک لە نەیجیریا ئەنجامدا.

 

توێژەران ڕاوێژیان بە کۆمەڵگاکانی پێنج ویلایەت کردووە لە باکوورەوە تا باشوور، قسەیان لەگەڵ ژنان و پیاوانی کۆمەڵگە ڕەسەنەکان و دانیشتوانی کەمینە نەتەوەییەکان کردووە، ئەو کەسانەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی نافەرمی نیشتەجێبوون، ئەو کەسانەی لە هەژاریدا دەژین، ئەوانەی بەهۆی ململانێی باکووری نەیجیریا ئاوارە بوون و کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان لەگەڵ لە ڕووی نەتەوەییەوە دانیشتوانی پەراوێزخراو.

 

ژنان زۆرینەی بەرهەمهێنان و هەڵگرتن و کۆکردنەوەی پاشماوەی پلاستیکی ماڵان ئەنجامدەدەن بە ڕێژەی زیاتر لە ٪٩١ کە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان پێویستیان بە کارکردن هەیە و لە ئێستادا نوێنەرایەتی پاراستنی ژینگەکەیان دەکەن، ئەو ژنانەی پاشماوە پلاستیکییەکان کۆدەکەنەوە ٪٧٨ یان ئاوارەی ناوخۆن، کاری ڕۆژانەیان هەڵگرتنی پلاستیکە فڕێدراوەکانە لە کەناری ڕێگا و زبڵدانەکان، پاشان شوشتن و ڕیزکردنی هەر پارچەیەکی پلاستیکی شکاو و فڕێدراو.

 

بە گشتی ئەو ژنانەی لە دۆخی هەژاریدان لەو شوێنانە دەژین کە پلاستیک دروست دەکرێت و پلاستیکە فڕێدراوەکان لەوێدا کۆدەبنەوە، توێژەران دەستیان کرد بە تێگەیشتن لەوەی ئەم کۆمەڵگایانە کە زۆرترین پەیوەندییان بە قەیرانی پلاستیکەوە هەیە، سەرەڕای بەربەستە بەرچاوەکان، ژنان لە نەیجیریا پێشەنگایەتی دەکەن لە داهێنانی پاشماوەی پلاستیکیدا بە گۆڕینی پاشماوەی پلاستیکی کە سەختە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە، وەکو کیسەی ئاوی نایلۆن کە دەگۆردرێن بۆ ئەو بەرهەمانەی کە دۆستی ژینگەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەرمایە و دەستڕاگەیشتن بە دارایی، ڕووبەڕووی کۆسپ و ئاستەنگی دەبنەوە لە فراوانبوونیان بۆ یەکەکانی بەرهەمهێنان.

 

نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە داراییەکانیش ڕێگری دەکات لە دەستپێکردنی کار یان گەشەپێدانی کار، ئەمەش بەهۆی ئەو دۆزینەوانە جەختی لەسەر دەکرێتەوە کە پیاوان زاڵن بەسەر خاوەندارێتی کارگە بچووکەکاندا بە ڕێژەیی ٪٩٨ و لە بەرامبەردا ژنان خاوەنی بازرگانی تاکەکەسین بە ڕێژەی ٪٥٠ ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژنان زیاتر خاوەنی بازرگانی بچووکن کە داهاتێکی کەمتریان لێوە دەستدەکەوێت.

 

ئەم بەربەستانە لەبەردەم دەستڕاگەیشتن بە دارایی لە زۆر حاڵەتدا دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ جیاکاری یاسایی دژی ژنان بۆ نموونە سنووردارکردنی یاسایی لە توانای کارکردنیان، ئەرکی ماڵ، هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و وەرگرتنی میرات، هەروەها کلتوور و دابونەریت، ئاستی توندوتیژی دژی ژنان و هاوسەرگیری پێشوەختە بۆ ژنان، کەمتر دەرفەتی خوێندن یان پەیداکردنی داهات بۆ ژنان دابین دەکرێت.