تووشبووانی تای خوێنبەربوون بۆ ١١٩ کەس بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا ١٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان

وەزارەتی تەندروستی عێراق پێنجشەممە ڕایگەیاند تووشبووانی تای خوێنبەربوون بۆ ١١٩ کەس بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا ١٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی تەندروستی عێراق پێنجشەممە ڕایگەیاند، تووشبووانی تای خوێنبەربوون بۆ ١١٩ حاڵەت بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا ١٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، سەیف بەدر ڕوونیکردەوە، پارێزگاری زیقار زۆرترین ژمارەی تووشبووانی هەیە، کە ٣٥ حاڵەت تۆمارکراوە، هەروەها باسی لەوە کرد کە ژمارەکانی دیکە لە حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون لە بەسرە، موسەننا، نەجەف، میسان، بەغدا، واست، بابل، سەڵاحەدین، دیالە، دیوانیە، کەربەلا، ئەنبار، هەولێر تۆمارکراون.

 

ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕوونی کردەوە کە شەش تووشبوو لە زیقار، سێ تووشبوو لە موسەننا و لە هەریەکە لە بەسرە، نەجەف، دیالە، دیوانیە، بەغدا، واست، بابل، هەولێر و کەربەلا یەک حاڵەت گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕێژەی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە لەسەدا ٤٠ ە.

ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەکانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە نێوان مرۆڤەکاندا بە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن یان شلەی جەستەی کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەو کەسانەی زۆرترین زیانیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە بەردەکەوێت، کەسانی ئاژەڵدار و ئەو کەسانەن کە لە قەسابخانەکاندا کاردەکەن.

 

بەشێک لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە ئازاری ماسولکە و جومگەکان، بەرزی پلەی گەرمی و خوێنبەربوونە، هەروەها نیگەرانی نێودەوڵەتی دروست دەکات چونکە هیچ ڤاکسینێک بۆ ئەم نەخۆشییە نییە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باسی لەوە کردووە کە تای خوێنبەربوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن، دەردراوەکان، ئەندامەکان، یان شلەکانی تری جەستەی کەسێکی تووشبوو.

 

ڕێژەی مردنی ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون دەبن لە نێوان ١٠٪ بۆ ٤٠ دایە، هەروەها نەخۆشییەکی تووشبووە کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات، بەو پێیەی دەبێتە هۆی تێکچوونی دیواری بۆرییە بچووکەکانی خوێن، لە ئەنجامدا خوێنبەربوون لەگەڵ ئەگەری تێکچوونی توانای جەستەی کەسەکان لە مەیاندنی خوێن.