بەهارە هیدایەت لە ناو زیندانی ئەڤینەوە: ڕێگای ئازادی بە ڕووخانی ڕژێمی ئێران تێدەپەڕێت

بەهارە هیدایەت، زیندانی سیاسی، لە نامەیەکدا لە زیندانی ئەڤینەوە، لە یادی " ئەوانەی هەرگیز نەگەڕاونەتەوە"، نووسیویەتی: ئەگەر ئازادیمان بوێت، ڕێبازەکەی بە ڕووخانی ڕژێمی ئێران تێدەپەڕێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهارە هیدایەت، ڕێبەری ژنانی سیاسی کە لە یەکەم ڕۆژەکانی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، نامەیەکی بە بۆنەی نەورۆزەوە بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: ئەگەر ئازادیمان بوێت، ڕێبازەکەی بە ڕووخانی ڕژێمی ئێران تێدەپەڕێت.

 

دەقی تەواوی بەیاننامەکە بەم شێوەیە:

ئەمە هەشتەمین شەوی جەژنە کە لە زینداندام، بەڵام باوەڕیم بە سەرکەوتن لە هەموو کاتێک زیاترە، لە ساتەکانی نزیکبونەوە لە ساڵی نوێ، لەسەر سفرەی حەوت سین دانیشتووم و یادی ڕۆشتووەکانی ئەمساڵ دەکەمەوە کە هەرگیز نەگەڕانەوە، یادی مەهسا، نیکا، سارینا، سیاواش، ئەبول فەزڵ، و حەمیدرەزا.

 

بۆ یادی برایانم خودانوور، فەرەیدون مەحمودی، موحسین شکاری، مەهدی کەرەمی، محەممەد حوسێنی و مەجیدرەزا ڕەهنەوارد و یادی هەموو ئێرانییەکان کە بە حەسرەتی ژیانێکی ئاساییەوە چوونە سەر شەقامەکان، بەڵام دەستی پیسی دوژمنانی "ژن، ژیان، ئازادی" گیانی ئازیزیان برد.

 

نەورۆز بیرهێنانەوەی هاوچارەنووسی کۆنمانە لەم خاکەدا؛ خاکێک کە هەڵاواردن و چەوساندنەوە و نەبوونی کەرامەتی مرۆڤەکان برینی قووڵی لەسەر ڕووخساری بەجێهێشتووە و ئەرکی سەرشانی ئێمەیە لە دەروازەی ئەو برینانەوە ئێرانی خۆمان یاد بکەینەوە.

 

لە هەشتەمین بەهاری دیلیم، هیواخوازبووم ژیانی من شتێکی بۆ ساڕێژبوونی ئەو برینانە و ڕزگاری کۆتایی گەلی ئێران زیاد دەکرد، ئەگەر ئەم ژیانە بەشی من بێت لە دونیا، ئامادەم لەسەر ڕێگای بەدیهێنانی ئیرادەی میللەتەکەم بەسەری ببەم بەبێ هیچ بێزاری و گلەییەک.

 

پێش "شۆڕشی ژینا"، کەسانێک هەبوون کە چەوساندنەوەیان بە بیرۆکەیەکی پەرشوبڵاو لە فەزایەکی نادیار دەزانی، کە لە ڕاستیدا هیچ هەڵگر و فاکتەرێکی نییە، پشکی ئێمە لە ڕاستی شۆڕشی ژینا ئەو ئیرادەیە کە بەکاریدەهێنین بۆ گۆڕانکاری، تەنانەت ئەگەر ئەم ئیرادەیە پارچەیەکی بچووکی واقیع بێت، بەڵام هەڵگری حەقیقەتی سەردەمی ئێمەیە وە شوێنی ئێمە لەناو ئەم پارچە واقیعەدایە نەک لە هیچ شوێنێکی تر.

 

هەروەها شۆڕشی ئەم چەند مانگەی گەلی ئێران بەشێک بوو لەو ئیرادەیە و توانی لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هێڵی یەکلاکەرەوە و داهاتووی خوازراو بکێشێت کە هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێت ساڵانێک لە ئەم هێڵانە سەرپێچی بکات، چونکە ئەو چەمکانە سیمایەکی دامەزرێنەریان هەبووە و هەر بۆیەش ژیانبەخش دەبن بۆ داهاتوومان.

 

ئێستا سەرەڕای ئەو دۆخەی چەند مانگێکە گەلی ئێران ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دۆخەکە هەر وەک خۆیەتی و ڕژێمی ئێران بوەتە بێ ئەخلاقترین توخم لە ژیانی ڕۆژانەی ئێران و مانەوەی ئەو دەسەڵاتە هەڕەشەیە لەسەر مانەوەی ئێمە و منداڵەکانمان و خاکەکەمان، بۆیە لۆژیکی چەوساندنەوە لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە، چەوساندنەوەیەک لەسەر بنەمای ڕق و کینە، هەوڵ نادات لە چوارچێوەی پەیوەندیی ئێستادا شوناسێکی سیاسی نوێ.

 

بۆیە نابێت چاوت لە ئامانجەکە ون بێت، شەپۆلەکان دێن و دەڕۆن، نۆ ساڵ لەمەوبەر، زۆرێک لە ئێمە لە ناو ئەم زیندانەوە، بێهیوا بووین لە شەقامەکانی شار و لە بەیاننامە دووبارەبووەکانی مافی مرۆڤ و وا بیرمان دەکردەوە کە دەتوانرێت سازشێک لەگەڵ ئەم حکومەتەدا بکرێت کە جیهان بە ڕواڵەت قبوڵ بکات بۆ بەدەستهێنانی چاکەی گشتی، بەڵام نەخێر، تەنانەت بۆ زۆرێک لە ئێمە "سازش" نەبوو، بەڵام باوەڕیمان بەوە هەبوو کە خاڵێک لە دەرەوەی ململانێی ناوەندگەرایی لەگەڵ حکومەتدا بدۆزرێتەوە و هەوڵماندا لەو خاڵە گریمانەییەوە سەیری سیاسەت بکەین، وتمان لەگەڵ ئەم حکومەتە پێویستە ڕێککەوتنێکی گریمانەیی بکەین و بەو پێیە مامەڵە بکەین، بەڵام ئەمەش کاریگەری نەبوو.

 

بێ ئاگابووین لەوەی کە ئێمە توانای کۆنترۆڵکردنی خراپەی ئەم هەڵبژاردنە سیاسییە و دەرئەنجامە ئاشکراکانی ڕژێممان دژ بە ژیانی خەڵک نییە، کەواتە گرنگە چاومان لەسەر ئامانجەکەمان بێت و ئەگەر ئازادیمان بوێت، دواجار لە هەر کورتە ڕێگایەکەوە دەڕۆین بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران، نابێت بێ هیوا بین لە ئەو ڕێگایە سەختەی لەبەردەمماندایە، ئەوەی گرنگە و ئەوەی لە دەست ئێمەدایە، ئیرادەی ئێمەیە بۆ ڕزگارکردن و وەرگرتنەوەی ئێرانەکەمان.