ڕۆڵی ژنان لە کۆڕبەندێکی هونەری نیشاندەدرێت

لە چوارچێوەی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی هونەری ژنان کە ئەم هەفتەیە لە شاری هورغەدای میسر بەڕێوەچوو، نزیکەی ٣٠ هونەرمەندی ژن لە ١٤ وڵاتی جیاوازەوە کارە هونەرییەکانیان نمایشکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی هونەری ژنان کە ئەم هەفتەیە لە شاری هورغەدای میسر بەڕێوەچوو، نزیکەی ٣٠ هونەرمەندی ژن لە ١٤ وڵاتی جیاوازەوە کارە هونەرییەکانیان نمایشکرد.

 

ئەم چالاکییە هاوکاتبوو لەگەڵ زنجیرە چالاکییەکانی مانگی ئادار بەهۆی ڕۆژی جیهانی ژنان، هەروەها بەشێک بوو لە هەوڵەکانی وەزارەتی گەشتوگوزاری میسر بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ وڵاتەکەی لە وەرزی بەهار، کۆڕبەندەکە لە ٥ی ئادار لە شاری لوکسۆر دەستیپێکرد، کە هونەرمەندان لە پێشانگایەکدا بەرهەمەکانیان نمایشکرد.

 

ئەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییە هونەرییەی ژنان دوو جاری دیکە ئەنجامدراوە، لە ماوەی دوو دانیشتنی پێشوودا نزیکەی ١٢٠ هونەرمەند بەشدارییان کردووە، بەڵام پلانێک هەبوو بۆ پەرەپێدانی چالاکییەکە بۆ نمایشێکی گەورەتر لە ئەمساڵ، بۆیە ڕێکخەرانی پێشانگاکە پەیوەندییان بە وەزارەتی گەشتوگوزارەوە کردووە هەتا لە داهاتوودا بتوانن کارەکانیان فراوان بکەن، و وەزارەتەکە پشتگیری خۆی ڕاگەیاند بۆ گەشەدان بە کەرتی گەشتیاری وڵاتەکەی و بەرەوپێشبردنی میراتی هونەری میسر.

 

هونەرمەندانی بەشداربووی پێشانگاکە ئاماژەیان بەوەداوە کە کۆڕبەندی لەو جۆرە دەتوانێت هونەری ژنانی میسر بە وڵاتانی دیکە ئاشنابکات، ئەنجامدانی پێشانگاکەش لە پەرستگای هاتسێپسوت واتایەکی گرنگی گەشتیاری و مێژوویی هەیە، لە لایەکەوە میوانەکان بە مێژووی میسر ئاشنا دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە گەشتوگوزار لە کاتێکدا بەرەوپێش دەبات.

 

کۆڕبەندەکە ڕێگەی بە هونەرمەندەکانی ژن دا بیرۆکەکان ئاڵوگۆڕ بکەن و هاوکاری ەیکتر بکەن، هەروەها میراتی هونەری و گرنگی کولتووری میسری بۆ ئاستی بینینێکی جیهانی بەرزکردەوە.